زێلێنسکی: لە دابینکردنی ئاسایش بۆ ئۆکرانیا بەرەوپێشچوون هەیە

ڤۆڵۆدیمیر زێلێنسکی، سەرۆکی ئۆکرانیا
ڤۆڵۆدیمیر زێلێنسکی، سەرۆکی ئۆکرانیا

ڤۆڵۆدیمیر زێلێنسکی، سەرۆکی ئۆکرانیا، مژدەی بەرەوپێشچوونی دۆسیەی ئاسایشی وڵاتەکەی دەدات و بەرپرسانی ئەمریکاش ئاشکرای دەکەن، لە بەرلین گەیشتوونەتە ڕێککەوتنێکی "زۆر بەهێز" بۆ کۆتاییهێنان بە جەنگ.

پێشکەوتنی بەرچاو و ڕێککەوتنی گرنگ

سەرۆکی ئۆکرانیا لە کۆنفڕانسێکی ڕۆژنامەوانیی هاوبەشدا لەگەڵ فرێدریش مێرز، لە بەرلین ڕایگەیاند، لە پرسی دابینکردنی ئاسایش بۆ وڵاتەکەی بەرەوپێشچوونی باش هەیە. زێلێنسکی ئاماژەی بەوە کرد کە وردەکارییەکانی بینیوە و لەگەڵ بەرپرسانی سەربازیی وڵاتەکەی کاری لەسەر دەکەن و ناوەڕۆکەکەی بە "زۆر باش" وەسفکرد.

هەشت کاتژمێر گفتوگۆ و بەشداریی ئەوروپا

میدیای فەرمیی ئۆکرانیا وردەکاریی دانوستانەکانی ئاشکرا کردووە؛ شاندی ئەمریکا زیاتر لە هەشت کاتژمێر ڕاستەوخۆ گفتوگۆیان لەگەڵ زێلێنسکی کردووە. لەم دانوستانانەی بەرلیندا کە دوو ڕۆژی خایاندووە، ڕاوێژکارانی ئاسایشی نەتەوەیی و وەزیرانی دەرەوەی ئەڵمانیا، بەریتانیا و فەڕەنساش بەشداربوون و گەیشتوونەتە کۆدەنگی لەسەر پرسە گرنگەکان.

"بەهێزترین پاکێجی ئاسایش"

لای خۆیانەوە بەرپرسانی ئەمریکا دانوستانەکانیان بە "زۆر زۆر ئەرێنی" ناوبرد. بەگوێرەی زانیارییەکان، گرنگترین دەسکەوت بریتییە لە دابینکردنی پاکێجێکی ئاسایش بۆ ئۆکرانیا. بەرپرسەکان ئەم ڕێککەوتنەیان بە "بەهێزترین پرۆتۆکۆڵی ئاسایش" وەسفکردووە کە تاوەکو ئێستا بینیبێتیان و بە هەنگاوێکی گەورەی دەزانن بۆ بوژانەوەی ئابووری و کەمکردنەوەی گرژییەکان.