زیاتر لە 550 ئۆتۆمبێل لە چەمچەماڵ بەر زیانەکانی لافاو کەوتوون
لە ئەنجامیی فراوانبوونی کاری ئەو لیژنانەی لەپاش لافاوەکەوە بەمەبەستی قەرەبووکردنەوە پێکهێنراون، لەمڕۆوە خەمڵاندن بۆ ئەو زەرەر و زیانانە دەکرێت، کە بەهۆی لافاوەکەی 9ـی ئەم مانگە لە تەکیە و چەمچەماڵ بەر ئۆتۆمبێلەکان کەوتوون.
داوایەک لە خاوەن ئۆتۆمبیلەکان دەکرێت
بەڕێوەبەرایەتیی هاتوچۆی چەمچەماڵ داوای لە خاوەن ئۆتۆمبێلەکان کردووە، ئۆتۆمبێلەکانیان بەرنە بەردەم پەیمانگەی تەکنیکیی چەمچەماڵ تاوەکو خەمڵاندنی زیانەکانیان بۆ بکرێت و قەرەبوو بکرێنەوە.
سەرەتا تەکیە
لەقۆناغی یەکەمدا لیژنەکە هەڵسەنگاندن بۆ ئۆتۆمبێلەکانی شارەدێی تەکیە دەکات و پاشان بۆ شارۆچکەی چەمچەماڵ و شۆڕش.
بەشێک لە ئۆتۆمبیلەکان براونەتە سلێمانى
ئەوە لەکاتێکدایە، ژمارەی ئەو ئۆتۆمبێلانەی بەر زیانەکانی لافاو کەوتوون، زیاتر لە 550 ئۆتۆمبێلە و بەشێک لە خاوەنەکانیان، لە ڕۆژانی ڕابردوودا ئۆتۆمبێلەکانیان بەمەبەستی چاککردنەوە بردووەتە سلێمانی، هەولێر و دهۆک، ئێستا پاش دەرچوونی ڕێنمایی، ناچارن دووبارە بیگەڕێننەوە.
شۆفێران داواکارییان هەیە
شۆفێران داوادەکەن، ڕێکارەکان کەمبکرێنەوە و بۆ هەڵسەنگاندنی زیانەکان پشت بە وێنە سەرەتاییەکانی پاش لافاوەکە ببەسترێت کە ڕادەستی بەڕێوەبەرایەتیی هاتوچۆی چەمچەماڵیان کردووە.
لیژنەکان بە فەرمانى قوباد تاڵەبانى
بەسەرپەرشتیی قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان لە 10ـی ئەم مانگەوە چەند لیژنەیەک پێکهێنراون بۆ قەرەبووکردنەوەی زیانلێکەوتووان، کە دابەش دەبن بەسەر قەرەبووکردنەوەی ماڵەکان، پاشان دوکاندارەکان و ئۆتۆمبێلەکان. لە تەکیە و چەمچەماڵ بەر ئۆتۆمبێلەکان کەوتوون.
16/12/2025