نوێنەری پزیشکانی دەرچووی دەرەوەی وڵات: بیانیی دادەمەزرێن و خەڵکی هەرێم بێبەش دەکرێن

دکتۆر ئالان جەلال، نوێنەری پزیشکانی گشتیی دەرچووی دەرەوەی وڵات ئاشکرای دەکات، لەبری وەڵامدانەوەی داواکارییەکانیان بۆ دامەزراندن، دکتۆر سامان بەرزنجی، وەزیری تەندروستی لە بنکەی پۆلیسی تەیراوا سکاڵای لەسەر تۆمارکردوون.

داواکاریی دامەزراندن بە "سکاڵا" وەڵام دەدرێتەوە

دکتۆر ئالان جەلال بە "کەناڵ8"ـی ڕاگەیاند، ژمارەیان 53 پزیشکی گشتییە و لەلایەن وەزارەتی خوێندنی باڵاوە یەکسانکردن بۆ بڕوانامەکانیان کراوە. ئەوان تەنیا بەشێوەیەکی مەدەنی داوای دامەزراندنیان کردووە، بەڵام ڕووبەڕووی سکاڵای وەزیر بوونەتەوە. ئاماژەی بەوەشکرد، پێشتر لەناو دیوانی وەزارەت پێشێلکارییان بەرامبەر کراوە و چەند پزیشکێکیان بە ئۆتۆمبێلێکی جۆری "مێکزەمینی" بۆ ماوەی چوار کاتژمێر دەستبەسەر کراون.

بەڵێنەکان جێبەجێ نەکران

نوێنەری پزیشکان ئاماژەی بەوە دا، سەرەڕای ئەوەی وەزیری خوێندنی باڵا و تەنانەت سەرۆکی دیوانی ئەنجوومەنی وەزیرانیش پشتیوانیی دامەزراندنیان بوون، بەڵام وەزیری تەندروستی بەڵێنەکەی نەیبردە سەر. بڕیار بوو ناوی ئەمانیش بخاتە پاڵ لیستی ئەو 792 پزیشکە گشتییەی ئەمساڵ دامەزرێنران، بەڵام ئامادە نەبوو ناوەکانیان بۆ ئەنجوومەنی وەزیران بنێرێت.

"بیانی دادەمەزرێن و خەڵکی هەرێم بێبەش دەکرێن"

دکتۆر ئالان جەلال ڕەخنەی توندی لە شێوازی دامەزراندنەکە گرت و ڕایگەیاند: "غەدر لە خەڵکی هەرێمی کوردستان دەکرێت"، چونکە لەناو لیستی دامەزرێنراوەکاندا:

شەشەم کەسی ناو لیستەکە عەرەبە.

10 پزیشکی بیانی (سووری، ئێرانی و فەڵەستینی) دامەزرێندراون.

ناوی 30 دەرچووی زانکۆی کوردستان (ئەهلی) بۆ دامەزراندن نێردراوە.

بەڵام 53 پزیشکی خەڵکی هەرێم کە دەرچووی دەرەوەن، فەرامۆش کراون.

هەوڵەکانی بریکاری وەزیر بێ ئەنجام بوون

لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا، نوێنەری پزیشکان ئەوەی خستەڕوو، دکتۆر ڕەهێڵ فەرەیدوون، بریکاری وەزیری تەندروستی هەوڵی زۆری بۆ داون تاوەکو دامەزراندن ئەوانیش بگرێتەوە، بەڵام وەزیری تەندروستی ڕەتیکردووەتەوە.