نووسینی سیڤی بە ژیریی دەستکرد لەوانەیە لە هەلی کار دوورت بخاتەوە

چاتبۆتی زیرەکی چات جی پی تی
چاتبۆتی زیرەکی چات جی پی تی

بڵاوبوونەوەی فراوانی ئامڕازەکانی ژیریی دەستکرد وایکردووە، ئامادەکردنی داواکارییەکی کار و بە تایبەتیش دروستکردنی سیڤی لە هەموو کاتێک ئاسانتر بێت، بەڵام بەگوێرەی ڕاپۆرتێکی ماڵپەڕی هافپۆست، سیڤی دروستکراو بە ژیریی دەستکرد لەلایەن بەرپرسانی دامەزراندنەوە بە ئاسانی دەناسرێنەوە.

زمانی ڕۆبۆتیک و وەڵامی دووبارە

ڕاپۆرتەکە باس لەوە دەکات کە ژیرییە دەستکردەکانی وەکو چات جی پی تی، لەماوەی چەند خولەکێکدا سیڤییەکت بۆ دروستدەکات، بەڵام بەکارهێنانی ئەم ئامڕازانە زیان بە داواکارەکە دەگەیەنێت و لەوانەیە لە هەلی چاوپێکەوتنی کارەکە دووری بخاتەوە.

بەگوتەی بۆنی دێلبەر، بەڕێوەبەری دامەزراندن لە کۆمپانیایەک، نزیکەی 25%ـی ئەو سیڤیانەی وەریدەگرن بە شێوەیەکی ئۆتۆماتیکی بەرهەمهێنراون و کاریگەریی ئەرێنی دروست ناکەن.

بەگوێرەی ڕاپۆرتەکەی هافپۆست، ئەوەی کە کۆمپانیاکان تێبینی دەکەن، زمانی ڕۆبۆتیکییە، لەگەڵ ئەو وەڵامە گشتییانەی هیچ وردەکارییەکی کەسی تێدا نییە، هەروەها وەڵامە دووبارەکان بۆ ئەو پرسیارانەی کە لە چاوپێکەوتنی کاردا دەکرێن.

هاوکات توێژینەوەک کە لەلایەن هارڤارد بزنس ڕیڤیوەوە بڵاوکراوەتەوە پاڵپشتی ئەم تێبینیانە دەکات و پشتڕاستی دەکاتەوە بەکارهێنانی ژیریی دەستکرد لە سیڤی یان داواکاری کاردا دەبێتە هۆی ئەوەی سیڤییەکان لەیەک بچن و لەناو داواکارییەکانی دیکەدا دەرنەکەون، بەو پێیەی لەوانەیە هەمان ئامڕازی ژیریی دەستکرد بەکارهێنرابێت.