گوگڵ: وردی چاتبۆتەکانی ژیریی دەستکرد ناگاتە %70
بەگوێرەی ڕاپۆرتێکی کۆمپانیای گوگڵ، وردی ئەو چاتبۆتانەی پشت بە ژیریی دەستکرد دەبەستن ناگاتە %70 لە زۆرینەی حاڵەتەکاندا.
"لە سێ پرسیار یەکێکیان بە هەڵە وەڵام دەدەنەوە"
گوگڵ ئەنجامی توێژینەوەیەکەی لە 18 لاپەڕەدا بڵاوکردووەتەوە و ئاشکرای کردووە، مۆدێلەکانی ژیریی دەستکرد لە هەر سێ پرسیار، یەکێکیان بە هەڵە وەڵام دەدەنەوە، تەنانەت ئەگەر وەڵامەکانیشیان لۆژیکی دەربکەون.
جێمنای گوگڵ یەکەمە
مۆدێلی جێمنای 3 پرۆ کە بەم دواییانە لەلایەن گوگڵ خۆیەوە بڵاوکرایەوە، بەرزترین نمرەی لە تاقیکردنەوەکەدا بەدەستهێنا و %69ـی تێپەڕاند، دوای ئەویش مۆدێلی جێمنای 2.5 پرۆیە بە %62 و پاشان جی پی تی 5 دێت بە وردی %61.8 و کڵاد ئۆپس 4.5 ڕێژەی %51ـی بەدەستهێناوە و گرۆکی ئیلۆن مەسکیش %53.
دیپمایند لابس، کە سەر بە کۆمپانیای گوگڵە و بەرپرسە لەم توێژینەوەیە، پشتی بە چوار پێوەری هەڵسەنگاندن بەستووە، هەروەها توێژینەوەکە باسی توانای مۆدێلەکانی ژیریی دەستکرد دەکات لە کۆمەڵێک کەرتی تایبەت وەکو موزیک، تەکنەلۆجیا، مێژوو، زانست، وەرزش و تەنانەت سیاسەت و بەرنامە تەلەفزیۆنییەکان.
18/12/2025