دوای سێ هەوڵی شکستخواردوو؛ دەرفەتێک بۆ دروستکردنی هەرێمی بەسڕە دروستبووە

دیمەنێکی شاری بەسڕە. فۆتۆ AP
دیمەنێکی شاری بەسڕە. فۆتۆ AP

پاش 80 ساڵ و سێجار هەوڵدان بۆ بوون بە هەرێمی سەربەخۆ، ئێستا دۆخێکى نوێ لە پارێزگاى بەسڕە هاتووەتە ئاراوە، ئەویش دواى نووسراوەکەى کۆمیسیۆنى باڵاى سەربەخۆى هەڵبژاردنەکان کە گوتى، ئامادەکارى دەکەن بۆ داواکارى خەڵکى پارێزگاکە بۆ بوون بە هەرێم. بەگوێرەى دەستوورى عێراق پارێزگایەک، یان چەند پارێزگایەک مافى ئەوەیان هەیە داواى بوون بە هەرێمی سەربەخۆ بکەن، بەڵام پێویستە چەند ڕێکارێکى یاسایی و دەستوورى ببڕن.

دەرفەتی نوێ بۆ بەهەرێمکردنی بەسڕە

بەگوێرەى یاسا و دەستووری عێراق، پارێزگاکان دەتوانن داوا بکەن وەک هەرێمێکى سەربەخۆ بناسرێن، پاش 80 ساڵ و چەندین هەوڵێکی شکستخواردوو ئێستا دەرفەتێکى دیکە لەبەردەم خەڵکى بەسڕەیە، کە ببن بە هەرێم لە چوارچێوەى عێراقى فیدراڵى.

ماددەی 119 چی دەڵێت؟

لەوبارەیەوە حەیدەر محەممەد بەڕێوەبەری نووسینگەی هەڵبژاردنەکانی بەسڕە ڕایگەیاند، بەگوێرەى ماددەى 119 هەر پارێزگایەک یان زیاتر مافى پێکهێنانى هەرێمیان هەیە بە پشتبەستن بە داواکارییەک بۆ ئەنجامدانى ڕاپرسى لەوبارەیەوە. داواکاریى بۆ بوون بە هەرێم لە چوارچێوەى دەوڵەتى عێراقدا، بەچەند ڕێگایەک دەکرێت وەک ئەوەى لە دەستووردا هاتووە.

ڕۆڵی ئەندامانی ئەنجوومەنی پارێزگا

جگە لە داواکاریى لایەنە پەیوەندیدارەکانى پارێزگا، لە بڕگەى ئەلف لە ماددەى 119 هاتووە، سێیەکى ئەندامانى ئەنجوومەنى ئەو پارێزگا دەتوانن داواکاریی پێشکەش بکەن بۆ بوونە هەرێمی سەربەخۆ، هەروەها لە بڕگەى باء هاتووە دەیەکى دەنگدەرانى پارێزگا دەتوانن دەنگ بۆ بە هەرێمبوونى پارێزگاکەیان بدەن.

دەستووری تایبەت بە خۆی دەبێت

کاتێک هەنگاوەکانى داواکارى بۆ بوون بە هەرێم تێدەپەڕێندرێت، ئینجا بەگوێرەى ماددەى 120 هەرێمەکە دەستوورێک بۆخۆى دادەڕێژێت و هەڕەمى دەسەڵاتەکان دیاریدەکات بەمەرجێک ناکۆک نەبێت لەگەڵ دەستوورى گشتى وڵاتدا.

فۆرمی کۆکردنەوەی واژوو

حەیدەر محەممەد، جەختی لەوە کردەوە، کە کۆمیسیۆن فۆرمی کۆکردنەوەی واژووی لە 2%ـی دەنگدەرانی بەسڕەی دابینکردووە تاوەکو هەنگاوەکانى بە هەرێم بوونى بەسڕە دەستپێبکەن ئەگەر پڕۆسەکە ڕێکارە یاساییەکانى خۆى بەتەواوى ئەنجام بدات.

خەونێکی لە مێژینەیە

ئەمەش خەونی لە مێژینەی بەشێکى زۆرى دانیشتوان و سیاسەتوانانی ئەو پارێزگایەیە کە دەوڵەمەندترین پارێزگای عێراقە بە سامانى سرووشتى و زۆرینەی نەوتی عێراق لەو پارێزگایە دەردەهێنرێت و دەبێتە داهات و دەگەڕێتەوە خەزێنەی دەوڵەت.

سێ هەوڵێ شکستخواردوو؛ گەڕانەوەی دەرفەتی نوێ

پێشتر سێجار هەوڵدراوە بۆ ئەوەى بەسڕە وەک هەرێم دیاریبکرێت، بەڵام شکستى هێناوە. یەکەم هەوڵیش دەگەڕێتەوە بۆ سەردەمى پاشایەتى، لەوکاتەى کە شا فەیسەڵى یەکەم هەڵبژێردرا. ئەمڕۆ و پاش تێپەڕبونى نزیکەى 80 ساڵ بەسەر هەوڵی یەکەمدا، ئاسۆی ئەو پارێزگا دەوڵەمەندەی عێراقدا ڕوونبووەتەوە، بەڵام دیارنییە ئاخۆ هیوا و ئاواتى چەندین ساڵەیان بەدیدێت یان جارێکى دیکە بێ هیوادەبن و پێویستە ڕێگایەکى دیکە تاقیبکەنەوە.