یەکێتیی ئەورووپا بە بڕی 90 ملیار یۆرۆ هاوکاریی ئۆکرانیا دەکات
یەکێتیی ئەورووپا ڕەزامەندیی نیشاندا هاوکارییەک بداتە ئۆکرانیا بە بڕی 90 ملیار یۆرۆ کە دەکاتە نزیکەی 95 ملیار دۆلار، بۆ ئەمەش سوود لە سامانی سڕکراوی ڕووسیا لە ئەوروپا وەرناگرن، پارەکەش لەماوەی یەک ساڵدا واتە 2026 – 2027 بە تەواوی دەدرێتە حکومەتی کیێڤ.
بڕیارى پارەدارکردنەکە لە برۆکسلەوە
ئەنجوومەنی ئەوروپا، ڕایگەیاند، بڕیاری پێدانی ئەو پارەیە، لە کۆبوونەوەی دوێنێ شەوی سەرکردەکانی ئەورووپادا دراوە، کە لە برۆکسلی پایتەختی بەلجیکا بەڕێوەچووە.
ئەمڕۆ پارە..سبەى خوێن
سەرەڕای ناڕەزایەتیی وڵاتانی وەکو ماڵتا، هەنگاریا، چیک، سلۆڤاکیا، بەلجیکا، ئیتاڵیا و بولگاریا، بەڵام وڵاتانی دیکەی یەکێتیی ئەوروپا، لەناویاندا بەهێزەکان، دراوسێکانی ڕووسیا، بەتووندی پشتیوانیی لە بڕیارەکە دەکەن و جەخت لەوە دەکەنەوە کە "ئەمڕۆ پارە بدەن باشترە لەوەی سبەی خوێن بدەن".
90 ملیار یۆرۆ وەک پشتیوانى
ئەنتۆنیۆ کۆستا، سەرۆکی ئەنجوومەنی ئەورووپا گوتی، بڕیارەکە بە ڕێککەوتنی هەموومان دراوە و 90 ملیار یۆرۆ وەک پشتیوانی و هاوکاری دەدەینە حکومەتی ئۆکرانیا، بە مەبەستی دابینکردنی پێداویستییە داراییەکانی ئۆکرانیا بۆ ساڵانی 2026 و 2027.
دانەوەى قەرزەکان و پەیامێک بۆ مۆسکۆ
ئورسولا ڤۆن دێرلاین ئاماژەی بەوەکرد، ئۆکرانیا تەنیا ئەوکاتە ئەو قەرزانە دەداتەوە کە ڕووسیا قەرەبووی بکاتەوە، لەبەرامبەر ئەو هێرشەی بۆ سەر وڵاتەکەیان دەستیپێکردووە و نزیکەی چوار ساڵە بەردەوامە.
هاوکات، فریدریش مێرز، ڕاوێژکاری ئەڵمانیا ڕایگەیاند، ئەم بڕیارە زۆر گرنگە بۆ مسۆگەرکردنی مانەوەی ئۆکرانیا و ناردنی پەیامێکی ڕوون بۆ مۆسکۆ.
پێشتر بڕیاردرا بەڵام بەربەستى بۆ درووستکرا
پێشتر بژاردەی دووەمی یەکێتیی ئەورووپا پێدانی قەرز بوو بە ئۆکرانیا، ئەمەش تاڕادەیەک لە برۆکسل کۆدەنگیی بەدەستهێنا، بەڵام دۆسیەی سوود وەرگرتن لە سامانی ڕووسیا، ناڕەزایەتیی ئەمریکا و چەند وڵاتێکی ئەوروپای لێکەوتەوە چاوەڕوانییەکان لە کاردانەوەکانی ڕووسیا بوون بە بەربەست لەبەردەم دەرکردنی ئەو بڕیارەدا.
سامانى بلۆککراوى ڕووسیا چەندە؟
سامانی سڕکراوی ڕووسیا لە ئەورووپا خۆی لە نزیکەی 210 ملیار یۆرۆدا دەبینێتەوە، لەکاتێکدا تەواوی سامانی سڕکراوی ڕووسیا لە جیهان بە نزیکەی 320 ملیار یۆرۆ دەخەمڵێنرێت.
19/12/2025