ئەمریکا یاساى قەیسەرى هەڵوەشاندەوە؛ شەرع سوپاسی بێپایانی ترەمپ دەکات
دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی ئەمریکا یاساى قەیسەرى هەڵوەشاندەوە و سووریا پێشوازى لە بڕیارەکە دەکات و داوا لە وەبەرهێنەران دەکات بەشداربن لەئاوەدانکردنەوەى وڵاتەکەیان. ئەحمەد شەرع، سەرۆککۆماری سووریا بۆ قۆناغی ڕاگوزەر سوپاسی بێپایان و تایبەتی ترەمپی کرد، کە سزاکەی لەسەر سووریا لابردووە.
یاسای قەیسەر ساڵی 2019 دەرچووبوو
دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی ئەمریکا بودجەى بەرگرى بۆ ساڵى دارایی 2026 واژۆ کرد، کە بەهاکەى 900 ملیار دۆلارە، هاوکات یاساى قەیسەرى هەڵوەشاندەوە کە لە کۆتایی ساڵی 2019 لەلایەن ئەنجوومەنی پیرانی ئەمریکاوە دەرچوێندرا و سزای خستبووە سەر سووریا.
"سووریا بەبێ سزایە"
ئەحمەد شەرع، سەرۆککۆماری سووریا بۆ قۆناغی ڕاگوزەر لەوبارەیەوە پەیامێکی بڵاوکردەوە و گوتی، " لە سەر چیای قاسیونەوە، پیرۆزبایی لە گەلی سووریا دەکەم بۆ لادانی سزاکان. ئەمڕۆ یەکەم ڕۆژە کە سووریا بەبێ سزایە، سوپاسی بێ پایان بۆ هەموو ئەوانەی لە ماوەی شۆڕشی پیرۆزی سووریا قوربانییاندا و ئارامییان گرت و سەردەمی ئازار کۆتاییهات و بە ویستی خودا سەردەمی ئاوەدانکردنەوە دەستی پێکردووە".
سوپاسی بێپایان و تایبەت بۆ ترەمپ
شەرع لە پەیامەکەیدا ئاماژەی بەوەشکرد، "سوپاسی بێپایان و تایبەت بۆ سەرۆک دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا، بۆ وەڵامدانەوەی بانگەوازی گەلی سووریا و نرخاندنی ئەندامانی کۆنگرێس بۆ قوربانییەکانی گەلی سووریا و وەڵامدانەوەی داواکارییەکەی بۆ لادانی سزاکان لەسەر سووریا".
پێزانین بۆ ویلایەتی یەکگرتووەکانی ئەمریکا
لە بارەى بڕیارەکەى ئەمریکاوە، وەزارەتى دەرەوەى سووریا پێشوازی لە هەڵوەشاندنەوەی یاسای قەیسەر کردووە و سوپاس و پێزانینی خۆی بۆ ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا دووپاتدەکاتەوە.
پێشهاتێکی گرنگە
وەزارەتى دەرەوەى سووریا ئەوەى خستووەتەڕوو، ئەم هەنگاوە پێشهاتێکی گرنگە بەشدارە لە کەمکردنەوەی بارگرانییەکان لەسەر گەلی سووریا و ڕێگا بۆ قۆناغێکی نوێی بوژانەوە و سەقامگیری دەکاتەوە.
بانگێشتی وەبەرهێنەران کرا
هەروەها وەزارەتى دەرەوەى سووریا، بانگێشتى وەبەرهێنەران دەکات تاوەکو سەرمایەکانیان لە سووریا بەگەڕبخەن و وەبەرهێنان ئەنجام بدەن و بەشداربن لە ئاوەدانکردنەوەى وڵاتەکەیان.
پوختەی یاسای قەیسەر
یاسای قەیسەر لە کۆتایی ساڵی 2019 لەلایەن ئەنجوومەنی پیرانی ئەمریکاوە دەرچوێندرا و دواتر دەسەڵاتی واژۆکردنی بە دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا درا بۆ ئەوەی بچێتە بواری جێبەجێکردنەوە، ئەم یاسایە زیاتر بۆ سزادانی ئەو لایەنانە بوو، کە مامەڵەیان لەگەڵ حکومەتی سووریا دەکرد و هەروەها یاساکە گۆشەگیرییە سیاسیی، ئابووریی و داراییەکانی سەر بەشار ئەسەد سەرۆکی پێشووی سووریای توندتر کردبووەوە.
19/12/2025