ئەورووپا و ئەمریکای لاتین؛ مێرکۆسوور گەورەترین بازاڕی ئازاد لە جیهان دروست دەکات

دوای 25 ساڵ لە دانوستان، پرسی واژۆکردنی "ڕێککەوتنی مێرکۆسوور" جارێکی دیکە گەرم بووەتەوە. سەرۆکی کۆمیسیۆنی ئەورووپا دڵنیایی دەدات لە پەسەندکردنی، لە کاتێکدا سەرۆکی بەرازیل دەڵێت: "یان ئێستا یان هەرگیز".

مێرکۆسوور چییە؟

ڕێککەوتنێکی بازرگانیی گشتگیرە لەنێوان یەکێتیی ئەوروپا و بلۆکی "مێرکۆسوور" کە وڵاتانی (ئەرجەنتین، بەرازیل، پاراگوای و ئۆرۆگوای) لەخۆدەگرێت. ئامانجی سەرەکیی دروستکردنی گەورەترین ناوچەی بازرگانیی ئازادە لە جیهان، لەڕێگەی نەهێشتنی زۆربەی باجە گومرگییەکان و ڕێکخستنی پەیوەندییە سیاسی و ئابوورییەکان.

ڤۆن دێرلاین: بە دڵنیاییەوە دەیکەین

ئورسولا ڤۆن دێرلاین، سەرۆکی کۆمیسیۆنی یەکێتیی ئەورووپا ڕایگەیاند، دواخستنی ڕێککەوتنەکە بۆ سێ هەفتەی دیکە (سەرەتای ساڵی ئایندە) ئاساییە، چونکە هێشتا کار ماوە لەگەڵ وڵاتانی ئەندام ئەنجام بدرێت. جەختیشی کردەوە: "من زۆر دڵنیام کە ئەو کارە ئەنجام دەدەین و زۆرینە پەسەندی دەکەن".

بەرازیل: یان ئێستا یان هەرگیز

لویس ئیناسیۆ لولا دا سیلڤا، سەرۆکی بەرازیل هۆشداری دەدات و دەڵێت ئەم ڕێککەوتنە پێویستی بە دواخستنی زیاتر نییە. "ئەورووپییەکان گرەنتیی ئێمەیان کرد و ئێمەش ڕازی بووین، ئەوان هیچ زیانێک ناکەن... یان ئەمڕۆ یان هەرگیز".

ناڕەزایەتییەکان لە کوێوە دێن؟

بەشێک لە وڵاتانی یەکێتیی ئەورووپا، بەتایبەت جووتیارانی فەڕەنسا، ئیتاڵیا، ئێرلەندا و پۆڵەندا دژی ئەم ڕێککەوتنەن. ئەوان ترسیان هەیە بازاڕی ئەورووپا پڕ ببێت لە بەرهەمی کشتوکاڵیی هەرزانی ئەمریکای لاتین و بەرهەمە ناوخۆییەکان بێ بەها بکرێن.

گرنگیی ستراتیژیی ڕێککەوتنەکە

ئەم ڕێککەوتنە کاریگەریی ڕاستەوخۆی لەسەر ژیانی 750 ملیۆن کەس دەبێت و مەزەندە دەکرێت هەناردەی نێوان هەردوو لا بە ڕێژەی سەرووی 90% زیاد بکات.

سوودەکانی بۆ ئەورووپا:

گەشەی ئابووری: پاشەکەوتکردنی ساڵانە زیاتر لە 4 ملیار یۆرۆ لە باجی گومرگی.

کاریگەریی سیاسی: کەمکردنەوەی پشتبەستن بە چین و ڕووسیا بۆ کەرەستەی خاو.

بەهاکان: پابەندبوون بە ڕێککەوتنی پاریس بۆ کەشوهەوا.

سوودەکانی بۆ ئەمریکای لاتین:

دەستڕاگەیشتن بە بازاڕ: چوونە ناو بازاڕی هاوبەشی ئەورووپا.

وەبەرهێنان: ڕاکێشانی وەبەرهێنانی بیانی و گواستنەوەی تەکنەلۆژیای سەوز.

یەکگرتن: بەهێزکردنی یەکگرتنی ناوخۆیی وڵاتانی ئەمریکای لاتین.