پیشەسازیی تەکنەلۆجیا و ژیریی دەستکرد هۆکارە

نرخی کانزای مس لە بازاڕەکانی جیهاندا ژمارەی پێوانەیی تۆمار کرد و گەیشتە بەرزترین ئاستی مێژوویی، هۆکارەکەشی بۆ فراوانبوونی پیشەسازیی تەکنەلۆجیا و ژیریی دەستکرد دەگەڕێتەوە.

بەرزبوونەوەی 36%ـی نرخەکەی

ئێستا، نرخی یەک تۆن مس لە نێوان 11 هەزار و 750 بۆ 11 هەزار و 850 دۆلار مامەڵەی پێوە دەکرێت. ئەم کانزایە لە سەرەتای ئەمساڵەوە نزیکەی %36 بەرزبووەتەوە، هۆکارەکەی بۆ زیادبوونی ململانێ بازرگانییەکان، سنووردارکردنی هەناردەکردن و فراوانبوونی بەکارهێنانیەتی لە کەرتی پیشەسازیدا.

کاریگەریی ژیریی دەستکرد

بەگوێرەی شرۆڤەکارانی بازاڕە داراییەکانی ئەمریکا و ئاسیا، سێ هۆکاری سەرەکی بوونەتە هۆی بەرزبوونەوەی نرخی مس و ئەلەمنیۆم بۆ ساڵی داهاتوو:

فراوانبوونی پیشەسازیی ژیریی دەستکرد (AI).

بەرهەمهێنانی کارەبا.

دروستکردنی داتا سەنتەرەکان.

پێشبینیی گەیشتن بە 13 هەزار دۆلار

کۆمپانیایەکی "وەساتە"ـی سعودی پێشبینی دەکات ڕەوتی بەرزبوونەوەکە بەردەوام بێت و لە نیوەی یەکەمی ساڵی داهاتوودا نرخی یەک تۆن مس بگاتە 13 هەزار دۆلار.

ڕۆڵی ترەمپ و جەنگی بازرگانی

ئەندرۆ گلاس، بەڕێوەبەری جێبەجێکاری کۆمپانیای ئاڤاتار کۆمۆدیتایس پێیوایە ئەگەر دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا بەڵێنەکەی جێبەجێ بکات و لە ساڵی 2027ـەوە باج بخاتە سەر هاوردەکردنی مس، ئەوا نرخەکان پێوانەی نوێ تۆمار دەکەن. هەروەها ڕاپۆرتێکی (CNBC) ئاماژەی بەوە داوە کە سیاسەتی باجەکانی ئەمریکا هۆکارێکی دیکەی ئەم بەرزبوونەوەیەن.