نرخى کیلۆیەک نزیکە لە 14 دەفتەر دۆلار
دوای داخستنی بۆرسەی ئاسیا، نرخی زێڕ لەسەر ئاستی جیهان و هەرێمی کوردستان بەرزبوونەوەی پێوانەیی تۆمار کرد و نرخی کیلۆیەک زێڕ لە 14 دەفتەر دۆلار نزیک بووەتەوە.
ئۆنسەیەک بە 4,340 دۆلارە
لە بۆرسەی جیهانیدا نرخی زێڕ بەردەوامە لە هەڵکشان؛ لە ئێستادا یەک ئۆنسە زێڕ بە چوار هەزار و 340 دۆلار مامەڵەی پێوە دەکرێت. هاوکات یەک کیلۆ زێڕ گەیشتووەتە 139 هەزار و 537 دۆلار (نزیکەی 140 هەزار دۆلار).
نرخەکان لە هەرێمی کوردستان
بە کاریگەریی بازاڕە جیهانییەکان، نرخەکان لە بازاڕەکانی هەرێمی کوردستانیش بەرز بوونەتەوە و بەم شێوەیە مامەڵەیان پێوە دەکرێت:
عەیارە 24: یەک مسقاڵ بە 980 هەزار دینار.
عەیارە 21: یەک مسقاڵ بە 863 هەزار دینار.
عەیارە 18: یەک مسقاڵ بە 737 هەزار دینار.
لیرەی خەلیجی: گەیشتووەتە 900 دۆلار (ملیۆنێک و 287 هەزار دینار).
هۆکاری بەرزبوونەوەکە
شارەزایانی ئابووری هۆکاری ئەم بازدانە گەورەیەی نرخی زێڕ بۆ دوو هۆکار دەگەڕێننەوە:
بڕیاری کەمکردنەوەی ڕێژەی سوودی بانکی ناوەندیی ئەمریکا.
زیادبوونی خواستی جیهانی لەسەر کانزا زەردەکە.
زیویش لە هەڵکشاندایە
هاوشێوەی زێڕ، کانزای زیویش خواستی لەسەرە و بەرزبوونەوەی تۆمار کردووە:
یەک ئۆنسە زیو: 67 دۆلار و 14 سەنت.
یەک کیلۆ زیو: دوو هەزار و 150 دۆلار.
20/12/2025