پارەی گەنمی جووتیارانی هەولێر و دهۆک دابەشکرا؛ سلێمانی ماوە

وەزارەتی بازرگانی و پیشەسازیی حکومەتی هەرێمی کوردستان وردەکاریی دابەشکردنی پارەی گەنمی جووتیارانی بۆ پارێزگاکان خستەڕوو و ڕایگەیاند، پشکی هەولێر و دهۆک دابەشکراوە و لەم هەفتەیەدا نۆرەی پارێزگای سلێمانی دەبێت.

دابەشکردنی پارە لە هەولێر و دهۆک

نەوزاد شێخ کامیل، بەڕێوەبەری گشتیی بازرگانی بە کەناڵ8ـی ڕاگەیاند، دوای گەیشتنی پارەکە لە بەغداوە، ڕۆژانی چوارشەممە و پێنجشەممەی هەفتەی ڕابردوو ڕاستەوخۆ دەست بە دابەشکردنی شایستەی دارایی جووتیاران کرا لە سایلۆکان و جووتیارانی پارێزگاکانی هەولێر و دهۆک پارەکەیان وەرگرت.

وردەکاریی بڕە پارەکە

کۆی گشتیی ئەو پارەیەی لەم قۆناغەدا لە بەغداوە گەیشتووە 24 ملیار و 250 ملیۆن دینار بووە. لەو بڕە 7 ملیار و 750 ملیۆن دیناری بۆ پارێزگای هەولێر و 7 ملیار دیناریشی بۆ پارێزگای دهۆک تەرخان کراوە و دابەشکراوە.

سلێمانی لەم هەفتەیەدا وەریدەگرێت

سەبارەت بە پشکی پارێزگای سلێمانی، بەڕێوەبەری گشتیی بازرگانی ئاشکرای کرد کە هەوڵدەدەن لەم هەفتەیەدا شایستەی دارایی جووتیارانی ئەو پارێزگایەش دابەش بکەن، کە پشکەکەیان لەم گوژمەیەدا 9 ملیار و 500 ملیۆن دینارە.

بەغدا قەرزاری جووتیارانە

پرۆسەی خەرجکردنی پارەی گەنم لەلایەن بەغداوە بە خاوی بەڕێوەدەچێت، لەکاتێکدا جووتیاران دەستیان بە چاندنی گەنمی نوێ کردووەتەوە هێشتا پارەی وەرزی ڕابردوویان بەتەواوی وەرنەگرتووە. تاوەکو ئێستا تەنیا سێ گوژمە بە بڕی 97 ملیار دینار هاتووە و هێشتا بەغدا بڕی 298 ملیار دیناری جووتیارانی هەرێمی کوردستان قەرزدارە.