پێشانگەی کشتوکاڵ لە سلێمانی؛ هێلکە لە سەرووی پێداویستییەوە بەرهەم دەهێنرێت

کەناڵ8 21/12/2025

بە مەبەستی دروستکردنی پردێکی پەیوەندیی بەهێز لەنێوان بازاڕ و کێڵگەکان و ساغکردنەوەی بەرهەمی ناوخۆیی، پێشانگەی نێودەوڵەتیی کشتوکاڵ و پیشەسازیی خۆراک لە شاری سلێمانی بەڕێوەچوو. لەم پێشانگەیەدا دەرکەوت کە کەرتی کشتوکاڵ و پیشەسازیی خۆراک لە هەرێمی کوردستان هەنگاوی گەورەی ناوە و لە بەشێک لە بەرهەمەکاندا ئاستی خۆبژێوی تێپەڕاندووە.

سلێمانی لە بەرهەمهێنانی هێلکەدا پێشەنگە

ئارام عەلی، یەکێک لە بەشداربووانی پێشانگەکە ئامارەکان دەخاتەڕوو و ڕایدەگەیەنێت، پارێزگای سلێمانی لە بەرهەمهێنانی هێلکەدا نەک تەنیا گەیشتووەتە ئاستی خۆبژێوی، بەڵکو بەڕێژەیەکی بەرچاو تێیپەڕاندووە. لە ئێستادا ڕۆژانە 6500 کارتۆن هێلکە لە سلێمانی بەرهەم دەهێنرێت، لەکاتێکدا خواستی بازاڕی ناوخۆیی تەنیا 1800 کارتۆنە، هەر ئەمەش وایکردووە نرخی هێلکە لە سلێمانی بەراورد بە شارەکانی دیکەی عێراق هەرزانتر بێت.

هەناردەکردنی ئەزموونی پەلەوەرخانە

پێشکەوتنەکان تەنیا لە بەرهەمهێناندا نین، بەڵکو لە تەکنەلۆژیا و دروستکردنی ژێرخانیشدا ڕەنگی داوەتەوە. بەگوتەی ئارام عەلی، کوالێتیی دروستکردنی پەلەوەرخانەکان لەلایەن کۆمپانیا کوردییەکانەوە گەیشتووەتە ئاستێک، تەنانەت لە وڵاتی ئێرانەوە داواکاری و خواستیان لەسەرە بۆ ئەوەی پەلەوەرخانەیان بۆ دروست بکەن.

بەرهەمهێنانی پەینی کیمیایی لە دهۆک

لە بوارێکی دیکەی کشتوکاڵیدا، سامی دارەتوو نوێنەری کارگەیەکی بەرهەمهێنانی پەینی کیمیایی لە دهۆک، باسی توانای کارگەکەیان دەکات کە پەینی کیمیایی بە کوالێتییەکی بەرز دروست دەکەن. ناوبراو جەخت دەکاتەوە کە نرخی بەرهەمەکانیان لە پەینی هاوردەکراو هەرزانترە و جووتیاران دەتوانن وەک جێگرەوەیەکی باش و سەلامەت پشتی پێ ببەستن.

دابینکردنی پێداویستیی تەواوی کوردستان

سامی دارەتوو ئاماژەی بەوەش کرد کە توانای بەرهەمهێنانی کارگەکەیان زۆر بەرزە و دەتوانن پەینی کیمیایی پێویست بۆ هەموو جووتیارانی هەرێمی کوردستان دابین بکەن، بەمەش پێویستیی جووتیاران بە بەرهەمی دەرەکی نامێنێت و دەبێتە پاڵپشتییەک بۆ ئاسایشی خۆراکی وڵات.

کەناڵ8

21/12/2025