سزاکان کەرتی دەرمانی ئێرانیان ئیفلیج کردووە؛ 150 جۆر دەرمان دەست ناکەوێت

یەکێک لە دەرمانخانەکانی شاری تاران. فۆتۆ: AP
یەکێک لە دەرمانخانەکانی شاری تاران. فۆتۆ: AP

کاریگەریی بەردەوامی سزاکانی سەر ئێران گەیشتووەتە سێکتەری تەندروستی و دۆخەکە چووەتە قۆناغێکی مەترسیدارەوە. بەهۆی گەمارۆکانەوە نرخی دەرمان بەرزبووەتەوە، هاوردەکردن کەمیکردووە و کوالێتی و بڕی بەرهەمی دەرمانی ناوخۆش بەشێوەیەکی بەرچاو دابەزیوە.

وەزیری تەندروستی: دۆخەکە سەختە

محەمەد ڕەزا زەفەرقەندی، وەزیری تەندروستیی ئێران دانی بە دۆخە سەختەکەدا نا و ڕایگەیاند، پرسی شەڕ و گەمارۆکان کاریگەریی قووڵیان هەبووە. بەگوتەی وەزیر، هەرچەندە بەلایەنی کەمەوە بە بڕی 600 ملیۆن دۆلار دەرمانیان کڕیوە، بەڵام لە پرۆسەی گواستنەوەی دراوی بیانی و کێشەی حەواڵەدا ڕووبەڕووی ئاستەنگیی گەورە بوونەتەوە.

کۆمپانیاکان پاشەکشە دەکەن

گەمارۆ ئابووری و بانکییەکانی ئەمریکا وایکردووە زۆرێک لە کۆمپانیا بیانییەکان لە کارکردن لەگەڵ ئێران پاشەکشە بکەن. بەگوێرەی ئامارەکان، نزیکەی 100 کۆمپانیای دەرمانسازی لە ئێران چالاکن کە پێویستیان بە 10 هەزار ماددەی جیاوازە و لە 20 وڵاتی جیهانەوە هاوردە دەکرێن، بەڵام سزاکان ڕێگرن لە گەیشتنی ئەو کەرەستە سەرەتاییانە.

دەرمانە ونبووەکان

پەرلەمانی ئێران لە ڕاپۆرتێکدا ئاشکرای کردووە، لە دوو ساڵی ڕابردوودا نزیکەی 150 جۆر دەرمان بە دژواری دەست دەکەوێت و 65 جۆریش لە بازاڕەکاندا نەماون. دیارترین ئەو دەرمانانەی گران بوون یان دەست ناکەون بریتین لە هەموو جۆرەکانی قەترەی چاو، ئازارشکێن، دژەبەکتریا، تەواوکەری خۆراکی و دەرمانی نەخۆشییە درێژخایەنەکانی وەک شێرپەنجە و دڵ.

شکست لە هەناردەکردن

ئەم قەیرانە لە کاتێکدایە کە 60%ی کەرەستەی پزیشکیی ئێران لەڕێگەی هاوردەکردنەوە دابین دەکرێت و تەنیا 40%ی لە ناوخۆدا بەرهەم دەهێنرێت. پێشتر ئێران وڵاتێکی هەناردەکاری دەرمان بووە بۆ عێراق، ڕووسیا و لوبنان، بەڵام ئێستا تەنانەت توانای دابینکردنی پێداویستیی ناوخۆشی نەماوە.