ئەمشەو شەوی یەڵدایە
ئەمشەو لە باشوور و ڕۆژهەڵاتی کوردستان لەگەڵ ئێران و چەندین وڵاتی دیکەدا ئاهەنگ بە شەوی یەڵدا دەگێڕدرێت کە درێژترین شەوی ساڵە و دەستپێکی زستانە.
ئەم جەژنە کولتوورییە مێژووەکەی دەگەڕێتەوە بۆ کریستییانە سیریانییەکان، کە دوای ئەوان ڕۆچووەتە ناو ئاینی زەردەشتییەوە و پەیوەندیدارکراوە بە لەدایکبوونەوەی خۆر و بەپیتی و بەرەکەت.
21ـی کانوونی یەکەم شەوی یەڵدایە
شەوی یەڵدا دەکەوێتە ڕێکەوتی شەوی 30 سەرماوەرز لەسەر بەیانی 1ـی بەفرانبار، کە دەکاتە 21ـی کانوونی یەکەم لەسەر 22ـی هەمان مانگ.
لەم جەژنەدا نەریت وایە کە خێزانەکان بەیەکەوە کۆدەبنەوە، کۆمەڵێک خواردن و خواردنەوە لەسەر مێزەکانیان دادەنێن کە بە پلەی یەک، شووتی، هەنار، کاکی، میوەی وشککراوە و چەرەزات لەخۆدەگرێت، زۆرینەی ئەو میوانەی لەم شەوەدا دەخورێن، میوە ڕەنگ سوورەکان کە بە ئاماژەی تیشکی خۆر و ڕووناکی دێن.

شووتی لە گرنگترین میوەکانی شەوی یەڵدایە
هەروەها شووتی یەکێکە لەو میوانەی کە مەرجە لەم شەوەدا هەبێت، چونکە لە کۆنەوە بڕوایان وابووە کە میوەیەکی پیرۆزە چونکە لە هاویندا لەو نەخۆشییانە دەیانپارێزێت کە پەیوەندیی بە گەرماوە هەبووە.
هەروەها چیرۆکخوانی، شیعر، شانامە و فاڵگرتنەوە، موزیک و گۆرانی بەشێکن لەو چالاکییانەی کە لەم شەوەدا دەکرێن، کولتوورێکن کە لە ڕابردووەوە تاوەکو ئێستا بە زیندوویەتی ماون.
2022 خرایە لیستی یونسکۆوە
شەوی یەڵدا لەلایەن چەندین گەل و نەتەوەی دیکەشەوە ساڵانە بەرز ڕادەگیرێت، ئەمەش وایکردووە لە ساڵی 2022ـدا بخرێتە لیستی کەلەپووری مەعنەوی یونسکۆوە، وەکو کولتوورێکی کۆن کە تاوەکو ئێستا پەیڕەو دەکرێت.
بەم بۆنەیەشەوە ساڵانە لە شەوی 20 و21ـی کانوونی یەکەمدا لە شارە جیاوازەکانی هەرێمی کوردستاندا ئاهەنگ بەم شەوە دەگێڕدرێت و چەندین چالاکیی کولتووری سازدەکرێت.
21/12/2025