یەکەم کەس بە کورسی خاوەن پێداویستی تایبەتەوە چووە بۆشایی ئاسمان

میشایلا بێنتاوس، ئەندازیاری میکاترۆنیک و فڕین، لە ئاژانسی بۆشایی ئاسمانی ئەوروپا
میشایلا بێنتاوس، ئەندازیاری میکاترۆنیک و فڕین، لە ئاژانسی بۆشایی ئاسمانی ئەوروپا

ئەندازیارێکی ئەڵمانی بوو بە یەکەم بەکارهێنەری کورسی خاوەن پێداویستی تایبەت، گەشت بۆ بۆشایی ئاسمان ئەنجام بدات.

نیوەی جەستەی کار ناکات

میشایلا بێنتاوس، ئەندازیاری میکاترۆنیک و فڕینە لە ئاژانسی بۆشایی ئاسمانی ئەوروپا، لە ڕۆژی شەممە، 20ـی کانوونی یەکەمی 2025، هێڵی کارمانی تێپەڕاند کە بە سنووری نێودەوڵەتی بۆشایی ئاسمان دادەنرێت و مێژووی تۆمار کرد.

میشایلا بێنتاوس لەبارەی گەشتەکەیەوە گوتی:"نابێت هەرگیز واز لە خەونەکانت بهێنیت، من زۆر کەسێکی بەبەخت بووم کە خەونەکەم هاتووەتە دی، زۆر سوپاسگوزارم".

بێنتاوس بەهۆی ڕووداوێکی پایسکلسواری لەسەر شاخ، تووشی پێکانی دڕکەپەتک بوو، ئێستا کورسی خاوەن پێداویستی تایبەت بەکاردەهێنێت و نیوەی خوارەوەی جەستەی تووشی شەلەل بووە.

لە 10 خولەکدا مێژووی تۆمار کرد

مووشەکێکی نیو شێپەردی کۆمپانیای بلو ئۆریجن کە کەشتییەکی ئاسمانی هەڵگرتبوو و بێنتاوسی تێدابوو، لە ویلایەتی تەکساسەوە چووە بۆشایی ئاسمان، پاش 10 خولەک هەر لە بیابانێکی تەکساس لەڕێگەی چەند پەڕەشوتێکەوە نیشتەوە.

ئەمە 16ـیەمین گەشتی ئاسمانیی بلو ئۆریجن بوو بە سەرنشینەوە کە ساڵانێکە گەشتی گەشتیاریی بۆ بۆشایی ئاسمان ڕێکدەخات، هەرچەندە نرخەکانی تاوەکو ئێستا ئاشکرا نەکردووە.

کۆمپانیای بلو ئۆریجن تایبەت بە بۆشایی ئاسمان، خاوەندارێتییەکەی دەگەڕێتەوە بۆ ملیاردێری ئەمریکی جێف بەیزۆس، ئامانجی کێبڕکێی کردنی هەیە لەگەڵ کۆمپانیای سپەیس ئێکسی ئیلۆن مەسک لە بواری بۆشایی ئاسماندا.