نەیار و دوژمنەکانى سووکایەتی بە لەیلا زانا دەکەن
لەیلا زانا؛ ئەو ژنەی، نزیکەی 40 ساڵە، لە لوتکەی بزووتنەوەی سیاسیی کوردیدایە و هەمووان بە ڕێز و شکۆوە ناوی دەبەن.
ئەو ژنەى دەستى ماچ دەکرێت
ئەو ژنەی بەشێک لە سیاسییەکانی کورد وەک ڕێز و وەفا بۆ خەباتەکەی، دەستی ماچ دەکەن، ملیۆنان کوردیش وەک سیمبولی خۆیان تەماشای دەکەن. نەک هەر کورد، تەنانەت بەشێک لە تورکە نەتەوەپەرستەکانیش رێزی لێدەگرن، تەنانەت سەرۆکی پێشووی مەهەپە بە کچی خۆی ناویدەبرد.

ئەو ژنەی پەرلەمانی تورکیای لەرزاند
لەیلا، دەمێک بوو، ئەستێرەی سیاسیی گەشاوەبووە و دڵی ملیۆنان کوردی بەدەستهێنابوو، بەڵام سوێندخواردنەکەی لە پەرلەمانی تورکیا و بەکارهێنانی زمانی کوردی، یەکێکبوو لە ساتە مێژووییەکانی ژیانی لەیلا زانا و بزووتنەوەی سیاسیی هاوچەرخی کوردی لە باکووری کوردستان و تورکیا.
ڕۆژی شەشی تشرینی دووەمی 1991، ئەو کاتەی زمانی کوردی قەدەغە بوو، ئەو کاتەی فشاری قورس لەسەر زمان و ناسنامەی کوردی هەبوو، ئەو کاتەی کورد لەسەر بەکارهێنانی زمانی کوردی دەخرایە زیندان، لەیلا زانا گەورەترین هەنگاوی لە مێژووی سیاسیی خۆی نا، ئەو هەنگاوەی 40 ساڵە ژیانە کۆمەڵایەتی و سیاسییەکەی دەدرەوشێنێتەوە.
لەیلا زانا ئەو ڕۆژە و پاش ئەوەی لە پەرلەمانی تورکیا سوێندی یاسایی خوارد، بە زمانی کوردی گوتی، "من ئەم سوێندەم بۆ برایەتیی گەلی کورد و گەلی تورک خوارد".
ئەو ڕستەیە، ئاگری لە جیهانی سیاسیی تورکیا بەردا و پەرلەمانتارانی تورکیا بە هاوار و ناڕەزایەتی، بە گژ لەیلادا چوون. لەو ڕۆژەوە ئەستێرەی سیاسیی لەیلا زانا دەدرەوشێتەوە.

لەیلا زانا؛ چقڵی چاوی نەیارەکانى
وەک چۆن لەیلا زانا لەکاتی چالاکیی سیاسیی خۆیدا کارگەریی گەورەی هەبوو، ئێستاش کە چالاکیی سیاسیی ناکات، هەمان کاریگەرییە قورس و گەورەکەی ماوە و بەشێکە لەو قورساییە سیاسییەی کورد لە باکووری کوردستان و تورکیا هەیەتی.
ژنێکى قورس لە ڕابردوو وە کاریگەر لەئێستادا
ئەو کاریگەرییە قورسەی لەیلا زانا لە ڕابردوو و ئێستاش هەیەتی، وای کردووە، ببێتە ئامانجی ڕەگەزپەرستەکانی تورکیا و بەردەوام هێرشی بکەنە سەر.

وەرزش پەیامى ئاشتی..وشەى نەشیاو بۆ لەیلا زانا
لەکاتێکدا وەرزش لە هەموو جیهان پەیامی ئاشتی و دۆستایەتیی پێیە، لە تورکیا، هاندەران لەنێو یاریگاکانەوە وشەی نەشیاو بۆ لەیلا زانا بەکاردەهێنن، ئەوەش قورساییە سیاسییەکەی لەیلا زانا دەردەخات.
بورساسپۆر یەکەم یانە
سەرەتا هاندەرانی بورساسپۆر سوکایەتییان بە لەیلا زانا کرد کە بە ڕەگەزپەستترین هاندەر لە تورکیا دادەنرێن.
ملیۆنان کورد دڵیان بۆ لەیلایە

دەیان ملیۆن کورد لە هەموو جیهان، دڵیان لەگەڵ لەیلا زانا لێدەدات و هەمووان پشتیوانیی لێدەکەن. لە بەشێک لە شارەکانی باکووری کوردستان، گردبوونەوەی پشتیوانیی بۆ دەکەن و خاوەندارێتیی لێدەکەن.
ماف پەروەران پاڵپشتى لێ دەکەن
هاوکات ژووری پارێزەرانی هەموو شارەکانی باکووری کوردستان، پشتیوانیی خۆیان بۆ لەیلا زانا دووپاتکردەوە.
لەیلا زانا؛ خۆشەویستی کورد و ڕێزلێگیراوی تورکەکان
سەرەڕای بەردەوامیی پشتیوانییەکان بۆ لەیلا زانا، لە دیاربەکر و باکووری کوردستان، بایکۆتکردنی بەرهەمەکانی "ئوڵوداغ" دەستیپێکرد، کە سپۆنسەری یانەی بورساسپۆر دەکات.
وەک چۆن لەیلا زانا لەناو کورددا پێگەیەکی گەورەی هەیە، لای بەشی دیاری تورکەکانیش خاوەن پێگەیەکی بەهێز و گەورەیە. تەنانەت ئاڵپئارسلان تورکەش، سەرۆکی پێشووی پارتی بزووتنەوەی نەتەوەیی تورکیا بە "کچەکەم" ناویدەبرد.
لە چەند ڕۆژی ڕابردووشدا، وەزیری داد و وەزیری وەرزش و لاوانی تورکیا سەرکۆنەی سوکایەتیکردن بە لەیلا زانایان کرد و ئاماژەیان بەوەکرد، لێکۆڵینەوە لەو کەسانە دەکەن سوکایەتییەکەیان کردووە.
ڕۆژی دووشەممەش، ئۆزگور ئۆزەل، سەرۆکی جەهەپە لە کۆنفرانسێکی ڕۆژنامەوانیی هاوبەش لەگەڵ شاندی ئیمراڵی گوتی، سوکایەتیکردن بە لەیلا زانا، مایەی قبوڵکردن نییە و ئەو ڕەفتارە لەگەڵ تورکیادا ناگونجێت.

لە زیندانەوە بۆ پەرلەمان؛ ئەو ژنەی پاشەکشە نازانێت
لەیلا زانا لە بەهاری 1994 لەگەڵ پێنج پەرلەمانتاری هاوڕێیدا دەستگیرکران و پاش چەند دانیشتنێکی دادگا، سزای 15 ساڵ زیندانیکردنی بەسەردا سەپێنرا.
پاش 10 ساڵ زیندانیکردن، لە 2004 ئازادکرا و لە 2011 بە پەرلەمانتاری هەدەپە هەڵبژێردرا. لە ساڵی 2015 جارێکی دیکە بە پەرلەمانتار هەڵبژێردرایەوە.
لەیلا زانا هاوشێوەی 1991 و پاش 24 ساڵ، جارێکی دیکە هەمان هەنگاوی نایەوە و لە کۆتایی سوێندەکەیدا، لەبری وشەی تورک، وشەی تورکیای بەکارهێنا، پاش ئەوەی سوێندیشی خوارد، بە کوردی قسەی کرد، بەو هۆیەوە زۆربەی مافەکانی پەرلەمانتارێتیی لێسەندرایەوە و دواجاریش بە تەواویی لە پەرلەمانتاریی خرا، بەڵام ئەو بە هەمان هێزی خۆیەوە، لە گۆڕەپانەکەدایە و سوکایەتییەکان، گەورەتریان کردووە.
22/12/2025