تورکیا کەمترین کرێی کرێکاری دیاریکرد؛ کەمترین کرێی کرێکار مانگانە 665 دۆلارە

ژمارەیەک کرێکار لە شاری ئیستانبولی تورکیا لە کاتی کارکردندا. فۆتۆ: AP
ژمارەیەک کرێکار لە شاری ئیستانبولی تورکیا لە کاتی کارکردندا. فۆتۆ: AP

دوای سێ کۆبوونەوەی چڕی لیژنەی دیاریکردنی کەمترین ئاستی کرێ، حکومەتی تورکیا بڕیاریدا کرێی مانگانەی کرێکاران بە ڕێژەی 27% زیاد بکات، بەڵام ئەم بڕیارە ڕاستەوخۆ کاردانەوەی توندی لایەنەکانی ئۆپۆزیسیۆنی لێکەوتەوە و بە "کرێی برسێتی" ناویان برد.

بڕیارەکە و وردەکاریی ژمارەکان

ڤەدات ئشکهان، وەزیری کار و دڵنیایی کۆمەڵایەتیی تورکیا بە فەرمی ڕایگەیاند کە بۆ ساڵی 2026 بڕیاردراوە کەمترین کرێی مانگانەی کرێکار بکرێتە 28 هەزار و 75 لیرە، کە دەکاتە زیاتر لە 655 دۆلار. ئەم بڕیارەش لەلایەن لیژنەیەکی 15 کەسییەوە دراوە کە ساڵانە بە دەنگی زۆرینەی ئەندامەکانی بڕیار لەسەر ئاستی کرێ و مووچە دەدەن.

کرێیەک لە خوار ڕێژەی هەڵاوسانەوە

ئەوەی جێگەی سەرنجە، ئەمساڵ پێوەرەکانی دیاریکردنی مووچە بەگوێرەی ڕێژەی هەڵاوسان پەیڕەو نەکراوە، چونکە لە کاتێکدا ئاستی هەڵاوسان لە تورکیا گەیشتووەتە 31%، بەڵام حکومەت تەنها بە ڕێژەی 27% کرێی کرێکارانی زیاد کردووە، ئەمەش نیگەرانیی لێکەوتووەتەوە لەوەی کە مووچەکان توانای کڕینیان کەمترە لە بازاڕدا.

هەڵوێستی جەهەپە و دەم پارتی

لە بەرامبەر بڕیارەکەدا، ئۆزگور ئۆزەل، سەرۆکی جەهەپە ڕەخنەی توندی لە دەسەڵاتی ئاکپارتی گرت و ڕایگەیاند، دیاریکردنی ئەو بڕە لەکاتێکدایە کە سنووری برسێتی 30 هەزار لیرەیە، واتە کرێکاران لە خوار هێڵی برسێتییەوە دەژین و دەسەڵات گوێ لە دەنگیان ناگرێت. هاوکات پارتی دەمیش دژی بڕیارەکە وەستایەوە و جەختی کردەوە کە کرێکاران ناتوانن بەو بڕە پارەیە بژین و ئەمە ڕووبەڕووی ژیانێکی سەخت و برسێتییان دەکاتەوە.