دیارترین ڕۆبۆتە هاوشێوەکانی مرۆڤ لە ئەمساڵدا

ڕۆبۆتی ئۆپتیمس جێن سری، سەر بە کۆمپانیای تێسلا
ڕۆبۆتی ئۆپتیمس جێن سری، سەر بە کۆمپانیای تێسلا

ساڵی 2025 ساڵی ڕۆبۆتەکانی هاوشێوەی مرۆڤ بوو، لە ئەمساڵدا کۆمپانیاکان تیشکیان خستبووە سەر دروستکردنی ڕۆبۆت بە تایبەتمەندیی جیاواز تاوەکو زیاتر هاوشێوەی مرۆڤ بن.

ئۆپتیمس بە چاودێریکردنی مرۆڤ فێردەبێت

ڕۆبۆتی ئۆپتیمسی جێن سری تێسلا، یەکێکبوو لەو ڕۆبۆتانەی ئەمساڵ چاوی زۆر لەسەر بوو، ئەم ڕۆبۆتە کە باڵای 1.73 مەتر و کێشی 57 کیلۆگرامە، هەمان تۆڕی دەماری ئۆتۆمبێلەکانی تێسلای لەسەرە، ئەوەی جیای دەکاتەوە ئەوەیە بە چاودێریکردنی مرۆڤ فێردەبێت نەوەکو بە کۆدکردنی تایبەت، پێشبینیدەکرێت نرخەکەی 30 هەزار دۆلار بێت و لە ئێستادا لە کارگەکانی تێسلا کاردەکات.

ڕۆبۆتی فیگەر خۆی بارگاوی دەکاتەوە

هەر لە ئەمساڵدا، کۆمپانیای فیگەر ئەی ئای، ڕۆبۆتی فیگەر سفر سێـی ڕاگەیاند، کە بۆ بەکارهێنانی ناوماڵ و ژینگەی بازرگانی دیزاینکراوە، ئەم ڕۆبۆتە بەشێوەی وایەرلێس و لەڕێگەی پێیەکانیەوە خۆی بارگاوی دەکاتەوە.

جومگەکانی ئەتڵەس 360 پلە دەسووڕێت

یەکێکی دیکە لە ڕۆبۆتە هاوشێوەکانی مرۆڤ لە ئەمساڵدا، ڕۆبۆتەکەی کۆمپانیای بۆستن داینامیکسە، کە ناوی ئێلیکتریک ئەتڵەسە، جوومگەکانی ئەتڵەس وەکو مرۆڤ سنووردار نییە و 360 پلە دەسووڕێت، بۆ بەزرکردنەوەی قورسایی لە کارکردنی پیشەسازیی قورسدا دروستکراوە.

هەروەها هەریەکە لە ڕۆبۆتەکانی ئەپۆڵۆ و دیجیت تایبەتن بە کاری کارگە و ئەرکە دووبارەوە بووەکانیان لەناو کارگەکاندا لە کۆڵ مرۆڤ کردووەتەوە.

یەکەم ڕۆبۆت لە کتێبی گینسدا

ڕۆبۆتەکان لە ئەمساڵدا نەوەکو کاری مرۆڤەکانیان لە کارگەکان ئاسانتر کرد، بەڵکو ناویشیان چووە ناو کتێبی تۆمارەکانی گینسەوە.

ڕۆبۆتی ئاجیبۆت ئەی تووی چین، دوای بڕینی مەودای زیاتر لە 100 کیلۆمەتر لە ماوەی سێ ڕۆژدا، کە درێژترین مەودایە تاوەکو ئێستا لەلایەن ڕۆبۆتی هاوشێوەی مرۆڤەوە بڕابێت، ناوی چووە کتێبی تۆمارەکانی گینسەوە و بووە یەکەم ڕۆبۆت لەناو تۆمارە جیهانییەکەدا.