مەسرور بارزانى بە نووسراوێکی نهێنى 20 پزیشکى دامەزراندووە

مەسرور بارزانى، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان بە نووسراوێکى نهێنى بە ژمارە (5404) لە 3ـى کانوونى یەکەمى 2023 بیست پزیشکى نیشتەجێى خولاوی دامەزراندووە. نووسراوەکە 17ـى کانوونى یەکەمى 2023 واژۆ کراوە لەلایەن ئارام عەبدوڵا، کە ئەوکات بەڕێوەبەرى گشتیى بودجە بووە لە وەزارەتى دارایی.

داوای دامەزراندنیان لەسەر میلاکی وەزارەت

لە نووسراوەکەدا کە بۆ وەزارەتى تەندروستى نێردراوە، تێیدا هاتووە "داواکراوە کارى پێویست ئەنجامبدرێت سەبارەت بە دامەزراندنى 20 کەس کە ناوەکانیان کە دەستپێدەکات بە ڕاستى سەرکۆ حەمە ساڵح و کۆتایى دێت بەناوى (عەبدولرەحمان تەلعەت ئیبراهیم) دەرچووى کۆلێژى پزیشکی بەناونیشانى پزیشکى نیشتەجێى خولاو بەپلە و مەرتەبە 306 بە مووچەى 374 هەزار دینار لەسەر میلاکى وەزارەتی تەندروستی بەگوێرەی بڕگەى دوو لەگشتاندنى دارایی ژمارە نۆى ساڵى 2007".

نووسراوی نهێنی بۆ دامەزراندن

ئالان جەلال، نوێنەرى پزیشکانى دەرەوەى وڵات بە کەناڵ8ـى ڕاگەیاند، " ئەو نووسراوە نووسراوى نهێنیى وەزیرى تەندروستى و مەسرور بارزانى، سەرۆکى ئەنجوومەنى وەزیرانى هەرێمى کوردستانە، کە ئەو بیست پزیشکە دابمەزرێنرێن، کە بەشێکى زۆرى ئەو 20 پزیشکە دانیشتووى هەولێر و دهۆکن و ئەوانەى خەڵکى سلێمانین بە پەنجەى دەست دەژمێردرێن".

"لە ڕێگەی هاوسەری وەزیرەوە دامەزرێنراون"

نوێنەرى پزیشکانى دەرەوەى وڵات، چیرۆکى دامەزراندنى ئەو پزیشکانەى خستەڕوو، کە بەشێکى زۆریان لەڕێگەى هاوسەری وەزیرى تەندروستییەوە دامەزرێنراون، کە پزیشکى پێستە لە شارى هەولێر.

"ناوەکان بە لیستێک دراونەتە سامان بەرزنجیی وەزیر"

ئالان جەلال،  نوێنەری پزیشکانی دەرەوەی وڵات دەڵێت، پاش گەیاندنى ناوەکان و گفتوگۆ لەگەڵ هاوسەری وەزیرى تەندروستیى حکومەتى هەرێمى کوردستان، ناوەکان کراون بە لیستێک و داویەتییە سامان بەرزنجى، هاوسەرى ئەویش لە پاش کۆبوونەوەى ئەنجوومەنى وەزیران ڕادەستی مەسرور بارزانى کردووە، تاوەکو دابمەزرێن، کە لە 15ـی کانوونى دووەمى 2024 دەستبەکاربوونیان بۆ کراوە و مووچەى بنەڕەتییان 374 هەزارە و مووچەى مانگانەیان یەک ملیۆن و 180 هەزار دینارە.

ئەی 54 پزیشکو دەرچووەکەی دەرەوەی وڵات؟

ئەمە لەکاتێکدایە، 54 پزیشکى دەرچووى دەرەوەى وڵات کە داواى دامەزراندنیان کردووە، سامان بەرزنجى ئامادە نییە ناوەکانیان ڕەوانەى حکومەتى هەرێمى کوردستان بکات، تاوەکو وەک هاوپیشەکانیان.