عێراق وێستگەی دەرهێنانی کارتی نیشتمانی لە چەند وڵاتێک دەکاتەوە

کەناڵ8 24/12/2025

وەزارەتی ناوخۆی عێراق ڕایگەیاند، وێستگەی گواستراوەی تایبەت بە دەرهێنانی کارتی نیشتمانی بۆ هاوڵاتییان لە دەرەوە لە پێنج وڵات دەکاتەوە، دەشڵێت، زیاتر لە 50 هەزار کەس ناویان تۆمارکراوە.

20 بەشیان بۆ تۆمارکردنی ناوەندی دەرهێنانی ڕەگەزنامە دروستکردووە

لیوا ئەحمەد مەعموری بەڕێوەبەری بەڕێوەبەرایەتیی ڕەگەزنامە و زانیارییە مەدەنییەکانی سەر بە وەزارەتی ناوخۆ بە ئاژانسی فەرمی عێراقی ڕاگەیاندووە، نزیکەی ساڵێک و دوو مانگە، 20 بەشیان بۆ تۆمارکردنی ناوەندی دەرهێنانی ڕەگەزنامە دروستکردووە کە لەو ڕێگەیەوە ئەو هاوڵاتییانەی شوێنی ناوتۆمارکردنیان لە دەرەوەی ئەو پارێزگایەیە کە تێیدا نیشتەجێن، دەتوانن کاروبارەکانیان ڕایی بکەن.

دیاترین وڵاتەکان کە نوسینگەی کارتی نیشتمانی تیا کراوەتەوە

دەربارەی دەرهێنانی کارتی نیشتمانی بۆ ڕەوەندی عێراقی، لیوا ئەحمەد مەعموری ئاماژەی بەوەکرد، لە ئێستادا بە گوێرەی ڕێککەوتن لە پایتەختەکانی، لەندەن، ئەنقەرە، عەممان، قاهیرە و ئەبوزەبی و تاران، کارتی نیشتمانی دەردەهێنرێت و تاوەکو ئێستا زیاتر لە 50 هەزار کەس لەو وڵاتانە ناویان تۆمارکراوە.

وێستگەی گوازراوەش پێکهێنراوە

بەڕێوەبەری ڕەگەزنامە لە عێراق گوتیشی، بەڕێوەبەرایەتییەکەیان وێستگەی گوازراوە بۆ تۆمارکردنی هاوڵاتییانی عێراق لە چەند شار و وڵاتێکی دەکاتەوە کە بریتین لە، ئیستانبوڵ، مەدرید، دەوحە، بیلاڕووسیا، مەسقەت. 

کەناڵ8

24/12/2025