هۆکارەکانی ئازاری پشت لە کاتی دووگیانیدا چین؟
گران جاف 26/12/2025
لە ماوەی دووگیانیدا ئازاری پشت حاڵەتێکی باوە، سەرەکیترین هۆکاری ئەم ئازارەش ئەو گۆڕانکارییە هۆرمۆنییانەن کە بەسەر جەستەی خانماندا دێن لەو ماوەیەدا.
لە بڵاوکراوەیەکدا، د. سارا ئیسماعیل، پزیشکی پسپۆڕی نەخۆشییەکانی ژنان و منداڵبوون، هۆکارەکانی ئەم ئازارە و چارەسەرەکانیشی خستووەتەڕوو.
هۆکارەکانی ئازاری پشتی ماوەی دووگیانی ئەمانەن:
- گۆڕانکارییە هۆرمۆنییەکان کاریگەریی لەسەر جومگەکانی ناوچەی حەوز و بڕبڕەی پشت هەیە، ئەمەش وادەکات بەستەرەکان تا ڕاددەیەک نەرم ببن، بۆ ئەوەی پڕۆسەی منداڵبوون ئاسانتر ببێت.
- بەپێوە وەستانی رۆژانە بۆ ماوەیەکی زۆر
- قەڵەوی و زیادبوونی کێش لەو ماوەیەدا
- ئەو خانمانەی لە پێش دووگیانبوونیش ئازاری پشتیان هەبووە، لەماوەی دووگیانیدا ئەگەری زیاتربوونی ئازارەکە زۆرترە.
چۆن ئەم ئازارە کەم دەکرێتەوە؟
- وەرزشکردن لەژێر چاودێریی کەسانی شارەزای چارەسەری سروشتی
- لەپێکردنی پێڵاوی نەرم و نزم، هەروەها دوورکەوتنەوە لە پێڵاوی بەرز
- پاڵکەوتن لەسەر لای چەپ، چونکە پاڵکەوتن لەسەر پشت ئازارەکە زیاتر دەکات
- پشوودانی پێویست
- لە حاڵەتی پێویست دەتوانیت ڕاوێژ بە پزیشکەکەت بکەیت، بۆئەوەی ئەگەر پێویستت بە دەرمان بوو بۆت بنووسێت.
گران جاف
26/12/2025