هەنگاوەکانی دروستکردنی ڕۆبۆت چین؟
دروستکردنی ڕۆبۆت پڕۆسەیەکی کەمێک ئاڵۆزە کە ئەندازیاریی میکانیک، سیستمی کارەبایی و گەشەپێدانی سۆفتوێر پێکەوە کۆدەکاتەوە.
دیزاین و پلاندانان
ئەندازیاران پێش هەموو شتێک، دەبێت بیر لەوە بکەنەوە، ئەم ڕۆبۆتەی دروستی دەکەن، دەیانەوێت چ کارێک بکات؟ بۆ نموونە پارچەی ئۆتۆمبێل پێکەوە بنێت یان ڕۆبۆتێکە نەشتەرگەری ئەنجام بدات یاخود گسکێکی ڕۆبۆتیکە.
دواتر لە ڕێگەی پرۆگرامی کۆمپیوتەرییەوە، دیزاینی ڕۆبۆتەکە دەکەن بە هەموو وردەکارییەکانییەوە هەر لە قەبارە و جومگەوە تاوەکو ئەو ماددانەشی ڕۆبۆتەکەی لێ دروستدەکەن.
دروستکردنی میکانیکی
پاشان دروستکردنی فیزیکی ڕۆبۆتەکە دەستپێدەکات کە دەکرێت چەند جۆرێک ماددەی جیاوازی تێدا بەکاربێت، پارچەکانی وەکو هەیکەل و جومگە بەزۆری لە ئەلەمنیۆم، ستیل یان تیتانیۆم دروستدەکرێن، بۆ هەندێک لە ڕۆبۆتەکان ئەندازیاران زیاتر پەنا دەبەنە بەر چاپی سێ ڕەهەندی بۆ بەرهەمهێنانی پارچەی پلاستیک بە وردییەکی زۆر.
پێکەوەنانی ئەلیکترۆنی
پاش دروستکردنی هەیکەلی ڕۆبۆتەکە، پاشان پڕۆسەی پێکەوە نانی پارچە ئەلیکترۆنییەکان دەستپێدەکات و سێرکتێک دروستدەکرێت کە پێکهاتووە لە مایکرۆ کۆنترۆڵەر، سێنسەر، کۆنترۆڵکەری کارەبا و ماتۆڕ، ئیدی بەگوێرەی پلانی ئەندازیارەکان دەکرێت کامێرا و ڕاداریش بۆ ڕۆبۆتەکان زیاد بکرێن، دواتر لەڕێگەی وایەرەوە کە بەناو جەستەی ڕۆبۆتەکەدا دەڕۆن، هەموو ئەم پێکهاتانە پێکەوە دەبەسترێنەوە.
پێکەوەنانی کۆتایی
دوای دروستکردنی بۆردی سێرکتی ڕۆبۆتەکە، پاشان تەکنیککارەکان، بەشە میکانیکییەکان بەیەکەوە دەبەستن و دەستدەکەن بە چەسپکردن و لکاندنی پارچەکان یەک لەدوای یەک.
پڕۆگرامکردن
پاشان پڕۆگرامسازان، ئەو کۆدە دەنووسن کە ئیدی ڕۆبۆتەکە زیندوو دەکاتەوە و دەیخاتە جووڵە، ڕۆبۆتە پێشکەوتووەکان، لەوانەیە مۆدێلەکانی فێربوونی ئامێر و ژیریی دەستکردیش لەخۆبگرن.
تاقیکردنەوە
پاش ئەوەی ڕۆبۆتەکە بە هەموو پارچە و سۆفتوێرەکانییەوە ئامادە دەبێت، پرۆسەی تاقیکردنەوە دەستپێدەکات و ئەندازیاران زۆر بە وردییەوە ئەم کارە دەکەن، هەستەوەرەکان یا سێنسەرەکان تاقیدەکەنەوە، هەروەها ئەو بەشانەی بەرپرسن لە جووڵەی ڕۆبۆتەکە تاقیدەکەنەوە تاوەکو دڵنیابن لەوەی جووڵەیەکی نەرمی هەیە، دڵنیابوون لەوەی هەموو سیستمەکان بە دروستی پەیوەندی دەکەن و پێکەوە بەستراون، کارێکی دیکەی لە پێشینەی ئەندازیارەکانە.
ئەندازیاران چاودێریی ڕۆبۆتەکە دەکەن کاتێک ئەرکەکانی جێبەجێدەکات و لەکاتی هەبوونی هەر کێشەیەکدا جارێکی دیکە ڕۆبۆتەکە ڕێکدەخەنەوە و سۆفتوێرەکەی باشتر دەکەن.
کوالێتی کۆنترۆڵ و بەکارهێنان
ڕۆبۆتەکە پشکنینی کۆتایی بۆ دەکرێت و بە کوالێتی کۆنترۆڵدا دەڕوات، ئەمەش دەبێتە هۆی پێدانی دڵنیایی زیاتر کە ڕۆبۆتەکە تایبەتمەندی و ستانداردەکانی سەلامەتی تێدایە، لەگەڵ ئەوەشدا بەڵگەنامەکانی بۆ ئامادە دەکرێن و ئەگەر بەرهەمێکی بازرگانی بێت، نامیلکەی بەکارهێنەری لەگەڵدا دەبێت، پاشان ڕۆبۆتەکە دەپێچرێتەوە و دەنێردرێت بۆ شوێنی کارکردنی یان لە شوێنی مەبەست دادەمەزرێنرێت.
پڕۆسەی دروستکردنی ڕۆبۆت کەوتووەتەوە سەر ئاڵۆزیی یان سادەیی ڕۆبۆتەکە، کە دەکرێت چەند هەفتەیەک بۆ چەند ساڵێک بخایەنێت.
25/12/2025