مستەفا قەرەسوو: پێویستە ئیرادەی کورد لەبەرچاو بگیرێت

مستەفا قەرەسوو، ئەندامی کۆنسەی بەڕێوەبردنی کۆما جڤاکێن کوردستان "کەجەکە" ڕایگەیاند، دەسەڵات بەگوێرەی پێویست لە پرۆسەکە نزیک نابێتەوە و داواش دەکات، تورکیا سیاسەتی خۆی سەبارەت بە کورد لە سووریا بگۆڕێت.

ئۆجەلان و لایەنى گفتوگۆ

قەرەسوو لە دیمانەیەکیدا لەگەڵ میدیای پارتەکەی گوتی، ئەگەر تورکیا دەیەوێت کێشەی کورد چارەسەر بکات، پێویستە عەبدوڵا ئۆجەلان وەک لایەنی گفتوگۆ قبوڵ بکات، بۆ ئەوەشی ئۆجەلان ڕۆڵی کاریگەر ببینێت، پێویستە ڕەوشی ژیان و ئازادیی کارکردنی فەراهەم بکرێت.

مافى هیوا بابەتێکى یاسایی یە

لەبارەی ئازادیی ئۆجەلانیش قەرەسوو گوتی، پێویستە قسە لەبارەی ئازادکردنی ئۆجەلان بکرێت، چونکە مافی هیوا بابەتێکی یاساییە و تورکیا بەگوێرەی یاسا دانی پێداناوە، تەنانەت دەوڵەت باخچەلی لە سەرەتای پرۆسەکەدا داوای جێبەجێکردنی کرد.

ڕەنج و ماندووبوونەکانى ئۆجەلان

ئاماژەی بەوەشکرد، "گۆشەگیرکردن"ـی ئۆجەلان، ئاماژەیە بەوەی، لایەنی بەرامبەر بەگوێرەی پێویست و دروست لە پڕۆسەکە نزیک نەبووەتەوە، لەکاتێکدا ئۆجەلان ڕەنجێکی زۆری بۆ پرۆسەکە داوە و هەنگاوی گەورەی هەڵگرتووە.

گردبوونەوە بۆ ئازادى ئۆجەلان

بڕیارە چواری مانگی داهاتوو، لە دیاربەکر گردبوونەوەیەکی فراوان بۆ ئازادیی ئۆجەلان ڕێکبخرێت، لەو بارەیەوە قەرەسوو دەڵێت، ئەو ڕۆژە گەلی کورد ئیرادەی خۆی سەبارەت بە ئازادیی ئۆجەلان دەخاتەڕوو.

بێهیوابوون لە ئازادکردنى گیراوان

ماوەی چەند هەفتەیەکە باس لەوە دەکرێت، یاسا بۆ گەڕانەوەی ئەندامانی پەکەکە دەردەکرێت. قەرەسوو لەو بارەیەوە ڕەخنەی لە دەسەڵات گرت و گوتی، " پێمان دەگوترێت واز لە چەک بهێنن و وەرنەوە بۆ تورکیا، کەچی زیندانیکراوان 30 ساڵە لە بەندیخانەکاندان و ئازاد ناکرێن، وەک ئەحمەد کایا دەڵێت؛ ئەمە چی دژ بەیەکییەکە".

ڕاپۆرتى ڕووکەش

لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا پارتە بەشداربووەکانی لیژنە پەرلەمانییەکە، ڕاپۆرتی خۆیان لەبارەى پڕۆسەکە ڕادەستی سەرۆکایەتیی پەرلەمان کرد. قەرەسوو ڕەخنە لە ڕاپۆرتەکان دەگرێت و دەڵێت، ڕاپۆرتەکان ڕووکەش و کرچ و کاڵن، ئەوەش دەریدەخات، پارتە سیاسییەکان نەک تەنیا لە پرسی کورددا، بەڵکو لە هەموو پرسەکانی دیکەدا، توانای دۆزینەوەی چارەسەریان نییە.

پاشەکشەى جەهەپە

قەرەسوو ڕەخنەی توندی لە جەهەپە و ئۆزگور ئۆزەل، سەرۆکی پارتەکە گرت و گوتی، ڕاپۆرتەکەی جەهەپە، تەنانەت لە ئاست ئەو ڕاپۆرتەدا نییە 1989 لەبارەی پرسی کورد خستییەڕوو، ئەوەش دەریدەخات جەهەپە زۆر پاشەکشەی کردووە و جددی نییە، لەکاتێکدا ئۆزگور ئۆزەل بە کوردستاندا دەگەڕێت و باسی بوونی کێشەی کورد و پێویستیی چارەسەرکردنی دەکات.

سیاسەتى تورکیا ناڕوونە

قەرەسوو ڕەخنەی لە سیاسەتی تورکیا لەبارەى ڕۆژئاوای کوردستان گرت و گوتی، سیاسەتی تورکیا لەبارەی باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا ڕاست نییە، چونکە لەلایەک داوای ئاشتی بۆ غەززە دەکات و لەلایەک هەڕەشەی دەستوەردان لە سووریا دەکات و شەڕی بۆ کورد دەوێت، بۆیە پێویستە تورکیا سیاسەتی خۆی سەبارەت بە کورد لە سووریا بگۆڕێت.