جیهان لە ساڵی ئاگر و خوێندا؛ چارەنووسی شەش جەنگی گەورە لە 2026 بە نادیاری دەمێنێتەوە
ساڵی 2025 وەک یەکێک لە ساڵە پڕ لە ململانێکان لە مێژووی نوێدا تۆمار کرا، کە تێیدا جەنگ و ئاڵۆزییەکان بە یەکسانی بەسەر کیشوەرەکانی ئەوروپا، ئاسیا و ئەفریقادا دابەش بوون. لەگەڵ هاتنی ساڵی 2026، دیمەنی ململانێ درێژخایەنەکان هێشتا بەسەر جیهاندا زاڵن و ئاسۆی چارەسەر لە زۆربەیان بەدی ناکرێت.
جەنگەکان کیشوەرەکانیان تەنیوە
دیمەنی سیاسی و سەربازیی جیهان لە ساڵی ڕابردوودا ئاڵۆزیی زۆری بەخۆیەوە بینی، جگە لە جەنگە بەردەوامەکان، گرژییەکان لە کیشوەری ئەمریکا لەنێوان ویلایەتە یەکگرتووەکان و ڤەنزوێلا بە کراوەیی ماونەتەوە، هاوکات دۆخی تایوان بەهۆی بەرزبوونەوەی ڕکابەری و جەنگی بازرگانیی نێوان چین و ئەمریکا و دەستێوەردانی کۆریای باشوور بەرەو تەشەنەسەندن دەڕوات. بەگوێرەی پێشبینییەکان، ساڵی ئایندە ساڵی یەکلاکردنەوەی ململانێکان نابێت، بەڵکو ساڵی بەردەوامبوون، وەستانی کاتی یان فراوانبوونی جەنگەکان دەبێت.
گەورەترین جەنگی ئەورووپا و ملیۆنێک قوربانی
جەنگی ڕووسیا و ئۆکرانیا کە بە گەورەترین جەنگ لە کیشوەری ئەوروپا لە دوای جەنگی دووەمی جیهانییەوە دادەنرێت، چووەتە ساڵی چوارەمییەوە. بەگوێرەی ئامارەکان، لە ماوەی ئەم چوار ساڵەدا ژمارەی قوربانییەکان ملیۆنێک کەسی تێپەڕاندووە. زۆربەی پێشبینییەکان بۆ ساڵی 2026 بەو ئاڕاستەیەن کە جەنگەکە بەردەوامیی دەبێت، یان لە باشترین حاڵەتدا دەرگای دانوستانەکان دەکرێنەوە بەبێ ئەوەی کۆتاییەکی یەکلاکەرەوەی هەبێت.
ئاگربەستە ناسکەکەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست
لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، شەڕی ئیسرائیل و فەڵەستین وێستگەیەکی گرنگی تێپەڕاند کاتێک لە تشرینی یەکەمی 2025 بە نێوەندگیریی ئەمریکا ڕێککەوتنی ئاگربەست و ئاڵوگۆڕی بارمتەکان واژۆ کرا و تاڕادەیەک کۆتایی بە دوو ساڵ شەڕی خوێناوی هێنا، بەڵام چاودێران دۆخەکە بە ناسک و شلۆق وەسف دەکەن و پێشبینییەکان لەنێوان نیمچە سەقامگیری و ئەگەری سەرھەڵدانەوەی ململانێکەدا دەمێننەوە.
جەنگی 12 ڕۆژە و ئەگەری پێکدادانی نوێ
هەر لە هەمان ناوچە، گرژییەکان لە مانگی حوزەیرانی 2025 گەیشتنە لوتکە کاتێک ململانێی غەززە سەری کێشا بۆ جەنگێکی ڕاستەوخۆی 12 ڕۆژە لەنێوان ئیسرائیل و ئێران. هەرچەندە پێکدادانەکان وەستان، بەڵام چارەنووسی ئەم بەرەیەی جەنگ بۆ ساڵی نوێ بە کراوەیی ماوەتەوە و ئەگەری هەڵگیرسانەوەی بەهێزە.
کارەساتی مرۆیی لە سوودان
لە کیشوەری ئەفریقا، شەڕی ناوخۆی سوودان بووەتە گەورەترین قەیرانی مرۆیی لە جیهاندا. شەڕی نێوان سوپا و هێزەکانی پشتیوانیی خێرا وڵاتەکەی دابەشکردووە و بووەتە هۆی قوربانیبوونی سەدان هەزار کەس و ئاوارەبوونی زیاتر لە 14 ملیۆن کەسی دیکە. تاوەکو ئێستا هیچ ئاسۆیەک بۆ چارەسەر نییە و پێشبینی دەکرێت لە ساڵی 2026 شەڕەکە بەردەوام بێت و قەیرانە مرۆییەکان قوڵتر ببنەوە.
ئاڵۆزییەکانی ئاسیا و ئەفریقا
لە ئاسیا، شەڕی ناوخۆی میانمار بووەتە نموونەیەک بۆ ئاڵۆزترین ململانێکان کە نزیکەی هەزار و 600 گرووپی جیاواز تێیدا تێوەگلاون و تاوەکو ناوەڕاستی 2025 نزیکەی 80%ی خاکی وڵاتەکە لەژێر دەسەڵاتی سوپا دەرچووە، پێشبینی دەکرێت دۆخەکە وەک خۆی بمێنێتەوە یان خراپتر بێت. هاوکات لە ڕۆژهەڵاتی کۆنگۆ، سەرەڕای نێوەندگیریی دۆناڵد ترەمپ و ڕێککەوتنی نێوان کۆنگۆ و ڕواندا، بەڵام یاخیبوونی گرووپی M23 بەردەوامە و ئەگەر چارەسەری سیاسی نەکرێت، ئەگەری فراوانبوونی شەڕەکە لە ئارادایە.
27/12/2025