پرۆسەی ئاشتی لە تورکیا گەیشتووەتە بنبەست؛ داواکارییەکانی کورد و مەرجەکانی دەوڵەت یەکناگرنەوە
دوای تێپەڕبوونی ساڵێک و سێ مانگ بەسەر دەستپێکردنی ئەو پرۆسەیەی کە پارتی دەم و پەکەکە بە "ئاشتی و کۆمەڵگەی دیموکراسی" و ئەنقەرەش بە "تورکیای بێ تیرۆر" ناوی دەبەن، پرۆسەکە تووشی چەقبەستوویی بووە و ماوەی چەند هەفتەیەکە هیچ هەنگاوێکی کردەیی و دیار لەلایەن هیچ کام لە لایەنەکانەوە نەنراوە.
مەرجە دژبەیەکەکانی دەسەڵات و پەکەکە
گەورەترین ئاڵنگاری لەبەردەم پرۆسەکەدا بریتییە لەو جیاوازییە قوڵەی لەنێوان مەرجەکانی دەسەڵات و داواکارییەکانی کورددا هەیە. لە لایەکەوە هاوپەیمانیی دەسەڵات (ئاکپارتی و مەهەپە) لەو ڕاپۆرتانەی پێشکەشی پەرلەمانیان کردووە جەخت لەوە دەکەنەوە کە بەبێ دڵنیابوون لەوەی پەکەکە کۆتایی بە خۆی هێناوە و چەکی داناوە، هیچ هەنگاوێکی یاسایی نانرێت و هیچ یاسایەک دەرناکرێت. لە بەرامبەردا، پەکەکە و لایەنە کوردییەکان چاوەڕێی دڵنیایی و هەنگاوی یاسایی و کرداریی پێشوەختە لە دەوڵەت دەکەن بەر لە هەر هەنگاوێکی دیکە.
ماددە دەستوورییەکان و پرسی زمانی دایک
یەکێکی دیکە لە گرێکوێرەکانی پرۆسەکە پەیوەستە بە دەستووری تورکیاوە، بەتایبەت ماددەکانی 42 و 66 کە تایبەتن بە پێناسەی هاووڵاتیبوون و خوێندن بە زمانی دایک. لایەنی کوردی داوای هەموارکردنەوەی ئەو دوو ماددەیە دەکات وەک بنەمایەک بۆ چارەسەری کێشەکان، بەڵام ئاکپارتی و بەتایبەتی مەهەپە هەر جۆرە گفتوگۆیەک لەسەر دەستکاریکردنی ئەو ماددانە بە هێڵی سوور دەزانن و ڕەتیدەکەنەوە.
چارەنووسی ئۆجەلان و هەڵوێستە نوێیەکەی باخچەلی
پرسی ئازادکردنی عەبدوڵا ئۆجەلان خاڵێکی دیکەی ناکۆکییەکانە. پەکەکە و پارتی دەم لە سەرەتای پرۆسەکەوە داوای ئازادکردنی دەکەن، بەڵام حکومەت هیچ ئاماژەیەکی ئەرێنیی لەوبارەیەوە نەداوە. تەنانەت دەوڵەت باخچەلی، سەرۆکی مەهەپە کە خۆی پێشتر پرسی پێدانی "مافی هیوا"ی بە ئۆجەلان کردبووە ڕۆژەڤ، ئێستا هەڵوێستەکەی گۆڕیوە و دەڵێت ئۆجەلان خۆی داوای نەکردووە ئازاد بکرێت.
کاریگەریی دۆخی سووریا لەسەر پرۆسەکە
جگە لە پرسە ناوخۆییەکان، گۆڕانکارییەکانی دەرەوەی سنووریش کاریگەرییان لەسەر پرۆسەکە هەیە. بابەتی تێکەڵبوونی هێزەکانی سووریای دیموکرات (هەسەدە) بە سوپای سووریا بووەتە مایەی نیگەرانیی تورکیا و ڕاستەوخۆ و ناڕاستەوخۆ هەڕەشەی دەستوەردانی سەربازی دەکات، لە بەرامبەردا پەکەکە و پارتی دەم داوا لە ئەنقەرە دەکەن دەستبەرداری ئەو هەڕەشانە بێت و سیاسەتی خۆی سەبارەت بە کورد لە سووریا بگۆڕێت.
27/12/2025