باشترین مۆبایلەکانی ساڵی 2025
کۆمپانیاکانی مۆبایل لە ساڵی 2025ـدا، چەندین مۆدێلی جیاوازی مۆبایلی زیرەکیان خستەڕوو، کە وایکردبوو هەڵبژاردنی مۆبایلێکی گونجاو و گەڕان بەدوای باشترین مۆبایلدا کارێکی ئاسان نەبێت.
ماڵپەڕە تەکنەلۆجییەکانی سی نێت و پی سی مەگەزین و وەت های فای، پێداچوونەوەیان بۆ مۆبایلەکانی ئەمساڵ کردووە و پێنج مۆبایلیان وەکو باشترینی ئەمساڵ دەستنیشان کردووە.
iPhone 17

بێگومان لیستەکە بە بێ مۆبایلێکی ئایفۆن نابێت، ئەمساڵ کۆمپانیای ئەپڵ زنجیرەی ئایفۆن 17ـی ڕاگەیاند و ئایفۆن 17ـی ستاندارد، وەکو یەکێک لە باشترین مۆبایلەکانی 2025 هەڵبژێردراوە، بۆ یەکەم جارە ئەپڵ مۆبایلێک بە نرخێکی گونجاو بخاتە بازاڕەوە کە کوالێتی مۆبایلەکانی هەمان زنجیرەی خۆی هەبێت و تایبەتمەندیی مۆبایلەکانی نەوەی پێش خۆی تێبپەڕێنێت.
Galaxy S25 Ultra

مۆبایلی گالاکسی ئەڵترا بووەتە یەکێک لە بەهێزترین مۆبایلەکانی ئەندرۆید و زاڵە لەناو بازاڕی مۆبایلە ئەندرۆیدەکاندا، کۆمپانیای سامسۆنگیش دوودڵ نەبووە لە زیادکردنی چەندین تایبەتمەندی پێشکەوتوو و زیادە بۆ مۆبایلەکە، وای کردووە بە شێوەیەکی بەرچاو لە ڕکابەرەکانی باشتر بێت.
ڕوونمای مۆبایلەکە کە ماڵپەڕی سی نێت بە باشترین ڕوونمای مۆبایل وەسفی کردووە، یەکێکە لە تایبەتمەندییە سەرەکییەکانی مۆبایلەکە، کە بەکارهێنەران بۆ لای خۆی ڕادەکێشێت.
HONOR Magic8 Pro

مۆبایلی ئۆنەر ماجیک 8 پرۆ، بە یەکێک لە باشترین مۆبایلەکانی ئەمساڵ هەڵبژێردراوە و باشترین بژاردەیە بۆ ئەو کەسانەی بەدوای مۆبایلێکی بەهێزدا دەگەڕێن کە کێبڕکێ لەگەڵ ئەپڵ یان سامسۆنگ بکات.
بەگوێرەى ماڵپەڕی پی سی مەگەزین، کامێرای مۆبایلەکە هاوێنەیەکی 200 مێگاپێکسڵی تێدایە و بە یەکێک لە باشترین هاوێنەکانی مۆبایل دادەنرێت.
Galaxy Z Fold 7

مۆبایلە قەدکراوەکان زیاتر بۆ ئەو کەسانەیە کە حەزیان بە گۆڕانکارییە و بۆ هەموو بەکارهێنەرێک نابێت، لەگەڵ ئەوەشدا ئەوەی کۆمپانیای سامسۆنگ لە مۆبایلی گالاکسی زێد فۆڵد 7 کردوویەتی، وایکردووە بەکارهێنانی ئەم جۆرە مۆبایلە بۆ هەموو کەسێک گونجاو بێت و هەر ئەمەشە وایکردووە یەکێک بێت لە باشترینەکانی ئەمساڵ.
ڕاپۆرتێکی ماڵپەڕی سی نێت ئاماژە بەوە دەکات کە سامسۆنگ هەندێک کێشەی سەرەکی لە مۆبایلە قەدکراوەکانی چارەسەر کردووە، توانیویەتی مۆبایلەکە وەکو مۆبایلەکانی دیکە تەنک بکات تاوەکو لەکاتی داخستنیدا بەکارهێنانی ئاسانتر بێت، هەروەها ڕوونمای پێشەوەی گەورەتر کردووە، جگە لە بەرزی کوالێتی کامێراکەی.
Nothing Phone 3a

مۆبایلی نەسینگ فۆن 3 ئەی، سەر بە کۆمپانیای نەسینگە و ئەویش یەکێکە لە باشترین مۆبایلەکانی 2025.
27/12/2025