لە سلێمانی ئامادەکاریی بۆ سەری ساڵ کراوە

لە سلێمانی ئامادەکاری بۆ دەستپێکردنی ئاهەنگەکانی سەری ساڵ کراوە و لایەنە پەیوەندیدارەکان دەڵێن: ئامادەن بۆ پێشوازییکردن لە گەشتیاران.

لە میانی ئامادەکارییەکاندا بنکە گەشتیارییەکان،  مۆڵ، هۆتێل و مۆتێلەکان ڕازێندراونەتەوە، هەروەها لایەنە ئەمنییەکان بەرنامەیان دارشتووە بۆ ئەوەی لە شەوی سەری ساڵدا دۆخی ئەمنی شارەکە بە سەقامگیری بمێنێتەوە

بەپێی گوتەی گەشتوگوزاری سلێمانیش، چاوەڕواندەکرێت، تەنیا بۆ ئاهەنگەکانی سەری ساڵ، نزیکەی 100 هەزار گەشتیار ڕوو لە سنووری پارێزگای سلێمانی بکەن، بۆ ئەو مەبەستەش نزیکەی هەزار بنکەی گەشتیاری و هۆتێل و مۆتێل بۆ هاتنی گەشتیاران ئامادەکراون.

ساڵانە ژمارەیەکی زۆر گەشتیار بە تایبەت لە ناوەڕاست و خوارووی عێراق، ڕوو لە سلێمانی دەکەن و بە گوتەی گەشتیاران جگە لە دڵگیری شوێنە گەشتیارییەکانی سنوورەکە، سەقامگیری شارەکە هۆکاری سەرەکییە بۆ ئەوەی روو لە سلێمانی بکەن.