ڕۆبۆتێک لە دەنکە خوێ بچووکترە و هەستەوەر و بزوێنەری هەیە
زانایانی زانکۆی پەنسلڤانیا و زانکۆی میشیگان لە ئەمریکا، توانیویانە ڕۆبۆتێک دروست بکەن کە قەبارەکەی بچووکترە لە میلیمەترێک و لەناویدا کۆمپیوتەر، بزوێنەر و هەستەوەری تایبەتی خۆی هەیە.
لە دەنکە خوێیەک بچووکترە
هەرچەندە نانۆ ئامێرەکان هێشتا دوورن لەوەی بخرێنە بواری جێبەجێکردنەوە، بەڵام ئەم ڕۆبۆتە کە لە دەنکە خوێیەک بچووکترە، بە هەنگاوێکی گرنگ دادەنرێت.
مارک میسکین، پرۆفیسۆری یاریدەدەری ئەندازیاریی کارەبا و سیستم لە زانکۆی پەنسلڤانیا و یەکێک لە نووسەرانی توێژینەوەکە دەڵێت :"ئەمە یەکەم ڕۆبۆتی بچووکە کە دەتوانێت هەست بکات، بیر بکاتەوە و کار بکات".
ڕۆبۆتەکە لە چیپێکی ئەلیکترۆنی بچووک دەچێت و لە ماددەی هاوشێوەی سیلیکۆن و پلاتین و تیتانیۆم دروستکراوە، بە چینێک لە شووشە دەپارێزرێت بۆ ئەوەی بتوانێت لە شلەمەنیشدا کار بکات.

بە خانەی خۆر جووڵە دەکات
هەروەها ڕۆبۆتەکە خانەی خۆر بەکاردەهێنێت بۆ جووڵە و کارپێکردنی کۆمپیوتەرەکەی کە زۆر خاوترە لە لاپتۆپە مۆدێرنەکان، بەڵام ئەوەندە بەهێزە کە بتوانێت وەڵامی گۆڕانکارییەکانی ژینگەی وەکو پلەی گەرمی بداتەوە.
یەکێک لە تایبەتمەندییە سەرەکییەکانی ڕۆبۆتەکە توانای پەیوەندی کردنە لەگەڵ مرۆڤدا، میسکین ڕوونیکردەوە: "ئێمە دەتوانین پەیامی بۆ بنێرین و پێی بڵێین دەمانەوێت چی بکات، هەروەها دەتوانێت پەیاممان بۆ بنێرێت بۆ ئەوەی پێمان بڵێت چی بینیوە و چی کردووە."
28/12/2025