ترەمپ: لە چەند هەفتەیەکدا چارەنووسی جەنگی ئۆکرانیا یەکلایی دەبێتەوە
دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا لە کۆشکەکەی خۆی لە مارا لاگۆ لەگەڵ ڤۆلۆدیمیر زێلێنسکی، سەرۆکی ئۆکرانیا کۆبووەوە و وردەکاریی نوێی سەبارەت بە کۆتاییهێنان بە جەنگ ئاشکرا کرد.
وردەکاریی ڕێککەوتنەکە؛ سەدا 90ـی تەواو بووە
ڤۆلۆدیمیر زێلێنسکی ئاشکرای کرد، ئەو پلانە ئاشتییەی کە لە 20 خاڵ پێکهاتووە و هەفتەی ڕابردوو بڵاوکرایەوە، "سەدا 90ـی لەسەر ڕێککەوتووین".
هەروەها سەرۆکی ئۆکرانیا جەختی کردەوە کە گەرەنتییە ئەمنییەکانی نێوان ئەمریکا و ئۆکرانیا "سەدا 100 لەسەری ڕێککەوتووین" و وەک وێستگەیەکی سەرەکی بۆ ئاشتییەکی بەردەوام وەسفی کرد، تیمەکانیش بەردەوام دەبن لە کارکردن لەسەر وردەکارییەکان.
گرێکوێرەی دۆنباس و ناوچەی ئابووریی ئازاد
دۆناڵد ترەمپ دانی بەوەدا نا کە یەک بۆ دوو پرسی "زۆر سەخت" ماونەتەوە و هێشتا چارەسەر نەکراون، لەوانەش دۆخی هەرێمی دۆنباس لە ڕۆژهەڵاتی ئۆکرانیا کە لە ساڵی 2022ـەوە لەژێر دەسەڵاتی ڕووسیادایە.
ترەمپ ئاماژەی بە پێشنیارێکی ئەمریکا کرد بۆ دروستکردنی "ناوچەیەکی ئابووریی ئازاد" لە بەشێکی ئەو ناوچەیەدا، کە بەپێی ئەو پێشنیارە دەبێت ئۆکرانیا هێزەکانی بکشێنێتەوە.
ترەمپ گوتی: "ناڵێم ڕێککەوتووین، بەڵام نزیکتر دەبینەوە، ئەوە پرسێکی گەورەیە و هێشتا چارەسەر نەکراوە".
وادەی کۆتاییهاتنی جەنگەکە
سەرۆکی ئەمریکا ڕایگەیاند، لە ماوەی "چەند هەفتەیەکدا" ڕوون دەبێتەوە کە ئایا دەتوانرێت کۆتایی بە جەنگی ئۆکرانیا بهێنرێت یان نا.
ترەمپ گوتی: "ئەگەر پرۆسەکە بە باشی بڕوات، ڕەنگە تەنیا چەند هەفتەیەک بخایەنێت، بەڵام ئەگەر بە خراپی بڕوات، کاتی زیاتر دەخایەنێت".
ترەمپ ئامادەیە وتار لە پەرلەمانی ئۆکرانیا بدات
ترەمپ پێشنیاری کردووە وتارێک لە پەرلەمانی ئۆکرانیا پێشکەش بکات بۆ پاڵپشتیکردنی نوێترین پلانی ئاشتی.
لەوبارەیەوە گوتی: "دڵنیا نیم بەڕاستی پێویست بێت، بەڵام ئەگەر یارمەتیدەر بێت بۆ ڕزگارکردنی 25,000 ژیان لە مانگێکدا، یان هەر ژمارەیەک بێت، بێگومان ئامادەم ئەوە بکەم".
کۆبوونەوەی فراوان لە واشنتۆن
بڕیارە مانگی داهاتوو (کانوونی دووەم)، زێلێنسکی و سەرکردەکانی ئەوروپا لە واشنتۆن لەگەڵ دۆناڵد ترەمپ کۆببنەوە.
دوای گفتوگۆکانیان لە مارا لاگۆ، زێلێنسکی و ترەمپ پێکەوە پەیوەندیی تەلەفۆنییان لەگەڵ سەرکردە سەرەکییەکانی ئەوروپا ئەنجامداوە بۆ تاوتوێکردنی دۆخەکە.
ڕۆڵی پوتن و هێرشەکانی ڕووسیا
ماوەیەکی کەم پێش کۆبوونەوەکەی ترەمپ و زێلێنسکی، ڤیلادیمیر پوتن، سەرۆکی ڕووسیا پەیوەندی بە ترەمپەوە کردووە.
پوتین جەختی کردووەتەوە کە مۆسکۆ "جدییە" لە پرسی ئاشتی، ئەمەش سەرەڕای ئەوەی ڕۆژێک پێشتر ڕووسیا هێرشی بەرفراوانی کردە سەر کیێڤ.
29/12/2025