محەمەد شوکری: بەبەهاى 3 ملیار دۆلار وەبەرهێنان لەمساڵدا کراوە
محەمەد شوکری، سەرۆکی دەستەی وەبەرهێنان لە کۆنفرانسێکی ڕۆژنامەوانیدا ئامارەکانی وەبەرهێنانی بۆ ساڵی 2025 خستە ڕوو و ئاماژەی بە گەشەکردنی سێکتەری وەبەرهێنان کرد لە سەرجەم شار و ناوچەکانی هەرێمی کوردستان، کە بووەتە هۆی بووژانەوەی زیاتری ژێرخانی ئابووری.
وەبەرهێنان بە بەهای 3 ملیار دۆلار ئەنجامدراوە
سەرۆکی دەستەی وەبەرهێنان ئاشکرای کرد کە لە ماوەی ئەمساڵدا، مۆڵەتی فەرمی دراوەتە 210 پڕۆژەی جیاواز لە بوارە جۆراوجۆرەکاندا. کۆی گشتی قەبارەی سەرمایەی ئەو پڕۆژانەی کە مۆڵەتیان وەرگرتووە، گەیشتووەتە 3 ملیار دۆلار، ئەمەش وەک ئاماژەیەک بۆ بەردەوامیی متمانەی وەبەرهێنەران بە بازاڕەکانی هەرێمی کوردستان دەبینرێت.
ڕەخساندنی 15,000 هەلی کار بۆ هێزی کاری ناوخۆیی
لەبارەی کاریگەریی پڕۆژەکان لەسەر کەمکردنەوەی بێکاری، محەمەد شوکری ڕایگەیاند کە ئەو پڕۆژانە توانیویانە 15,000 هەلی کاری نوێ بڕەخسێنن. جەختیشی لەوە کردەوە کە بەپێی بڕیاری حکومەتی هەرێمی کوردستان، دەبێت 75%ی دەستی کار لە تەواوی پڕۆژەکانی وەبەرهێناندا لە کارمەند و کرێکاری ناوخۆیی بن، تاوەکو زۆرترین گەنجی هەرێم لەم دەرفەتانە سوودمەند بن.
29/12/2025