هەڵامەتە، هەستەوەرییە، ئەنفلۆنزایە یان کۆرۆنا؟
کەناڵ8- سلێمانی
هەریەک لە هەڵامەت، هەستەوەری (حەساسیەت)، ئەنفلۆنزا و کۆرۆنا ژمارەیەکی بەرچاوی خەڵک گیرۆدە دەکەن و زۆرکات نیشانەکانیشیان لەیەک دەچن. زۆربەی کات کە کەسێک تووشی یەکێک یان زیاتر لەم حاڵەتانە دەبێت، دەڵێت سەرما بووە، لە راستیدا سەرما هۆکاری تووشبوون بە هیچ کامیان نییە!
چۆن بزانین تووشی کۆرۆنا بوین؟
نەخۆشیی کۆرۆنا (COVID-19) ڕەنگە هەمان نیشانەکانی هەڵامەت، هەستیاریی وەرزی و ئەنفلۆنزا دروست بکات، دەتوانین لە ڕێگەی جیاوازیی نیشانەکان و شێوازی بڵاوبوونەوەیانەوە ئەم نەخۆشییانە لەیەکتر جیابکەینەوە.
کۆرۆنا چییە؟
نەخۆشیی کۆرۆنا نەخۆشییەکی کۆئەندامی هەناسەیە، لە کەسێکەوە بۆ کەسێکی دیکە دەگوازرێتەوە، بەهۆی ڤایرۆسی SARS-COV-2.
کۆرۆنا چۆن بڵاودەبێتەوە؟
ڤایرۆسی SARS-COV-2 زیاتر بەهۆی بەرکەوتنی نزیکەوە دەگوازرێتەوە لە ڕێگەی کۆکە، پژمین و قسەکردنەوە. هەروەها ئەم ڤایرۆسە لە ڕێگەی دەستدان لە ڕووکارێک یان شتێک کە ڤایرۆسەکەی لەسەر بێت و دواتر کەسەکە دەست لە دەم، لووت یان چاوی بدات ڤایرۆسەکەی بۆ دەگوازرێتەوە.
نیشانەکانی کۆرۆنا چین؟
نیشانەکانی کۆرۆنا بریتیین لە: ئاوی لووت، سەرئێشە، ئازاری قوڕگ، تا، کۆکە و هەستکردن بە ماندوێتی. بەشێک لە چارەخوازان هاوکات لەگەڵ کۆرۆنادا نەخۆشییەکی دیکەشیان هەیە لە هەندێک کەسدا دەکرێت ئەو نەخۆشییانە ببنەهۆی ئاڵۆزی و بارودۆخی چارەخوازەکە خراپتر بکەن.
چارەسەرەکانی کۆرۆنا چین؟
چارەسەرەکانی کۆرۆنا لە حاڵەتی سەرەتادا بریتیین لە: پشوودان لە ماڵەوە، بەکارهێنانی دەرمانەکانی وەک ئەسیتامینۆفین (پاراسیتۆڵ) و ئایبۆپرۆفین دەتوانن تا و ناڕەحەتی کەم بکەنەوە. دەزگای کۆنتڕۆڵکردن و پێشگیرییکردن لە نەخۆشییەکان لە ئەمریکا چەند جۆرێکی کەمی دەرمانی کۆرۆنای پەسەند کردووە.
جیاوازیی نێوان کۆرۆنا و هەڵامەت چییە؟
کۆرۆنا و هەڵامەت هەردووکیان بەهۆی ڤایرۆسەوە سەرهەڵدەدەن، کۆرۆنا بەهۆی ڤایرۆسی SARS-CoV-2 -ەوە دەگوازرێتەوە بەڵام هەڵامەت بەهۆی ڕاینۆڤایرۆس-ەوە دەگوازرێتەوە.
نیشانەکانی کۆرۆنا:
نیشانەکانی کۆرۆنا دوای تووشبوون بە ڤایرۆسەکە لە ڕۆژی دووەم تاوەکو ڕۆژی 14-یەم بەردەوام دەبن.
سەرئێشە، ئازاری ماسولکە، هەندێکجار کۆکەی وشک، ماندوویی، خیزەی سنگ، ئازاری قورگ، تا، هەندێکجار سکچوون ، ڕشانەوە، هەناسەتوندی، لەدەستدانی هەستی بۆنکردن و ئاوی لوت.
بەڵام لە هەڵامەتدا نیشانەکان سادەن و زیاتر لە لووت و هەندێکجار قوڕگدان، نابنەهۆی تا و ئازاری گشتیی جەستە.
جیاوازیی نێوان ئەنفلۆنزا و هەستەوەری
نیشانەکانی ئەنفلۆنزا:
نیشانەکانی ئەنفلۆنزا لە دوای تووشبوون بە ڤایرۆسەکە لە ڕۆژی سێیەم بۆ ڕۆژی 10-یەم بەردەوام دەبن.
سەرئێشە ، هەندێک جار کۆکەی ئاسایی، خیزەی سنگ، ئازاری قورگ، تا ، سکچوون، ڕشانەوە و ئاوی لوت.
نیشانەکانی هەستەوەری:
بەدەگمەن ئازاری سەرئێشە، هەندێکجار( کۆکە، هەناسەتوندی، لەدەستدانی هەستی بۆنکردن و هەستکردن بە ماندوویی) ، ئاوی لوت بەبەردەوامی.
هەستەوەری هەناسەتووندی دروست دەکات، بەڵام هەڵامەت نابێتەهۆی هەناسەتوندی.
چۆن مەترسیی تووشبوون بە کۆرۆنا، هەڵامەت و ئەنفلۆنزا کەمبکەینەوە؟
ئەگەر هەستکرا کەسەکە لە مەترسییەکی زۆری تووشبوون بە کۆرۆنا و ئەنفلۆنزادایە، پێویستە ڕاوێژ لەگەڵ پزیشک بکرێت، سەبارەت بە پەیڕەوکردنی ڕێنماییە تەندروستییەکان، بۆئەوەی هەر کاتێک کەسەکە تووشی کۆرۆنا بوو بزانێت چۆن مامەڵە لەگەڵ نەخۆشییەکەی دەکات و لە کاتی پێویستدا دەستبکرێت بە وەرگرتنی چارەسەرەکان.
پێکوتە وەربگیرێت
پێویستە ساڵانە پێکوتەی ئەنفلۆنزا وەربگیرێت(دەتوانرێت لە ڕێگەی سپرای لوتیشەوە وەربگیرێت) وەرگرتنی پێکوتەی ئەنفلۆنزا مەترسیی ئاڵۆزییەکانی ئەنفلۆنزا کەمدەکاتەوە.
وەرگرتنی پێکوتەی کۆرۆنا مەترسیی گیانلەدەستدان بە کۆرۆنا و توندیی نەخۆشییەکە کەمدەکاتەوە.
بەبەردەوامی دەست بشۆرێت
دەست بە ئاو و سابوون بۆ ماوەی 20 چرکە بشۆرێت، ئەگەر ئاو وسابوون بەردەست نەبوون، پاککەرەوەی ئەلکهولی دەست بەکاربهێنرێت بەمەرجێک پێکهاتەی ئەلکهولەکە لە %60 کەمتر نەبێت، زۆر گرنگە هاوڕێیان، ئەندامانی خێزان و منداڵەکان لە گرنگی دەستشۆردن ئاگادار بکرێنەوە.
بە بەردەوامی سەرڕووی ئەو شتانە پاکبکرێتەوە کە زۆر دەستیان لێدەدرێن
بەبەردەوامی سەرڕووی ئەو شتانە پاکبکرێتەوە کە زۆر دەستیان لێدەدرێت، بۆ ڕێگریکردن لە گواستنەوەی میکرۆب، بەکتریا و ڤایرۆس. بۆ نموونە: دەسکی دەرگا، ئامێرە ئەلکترۆنییەکان و سویچپلاکی ڕووناکی.
خۆت لە شوێنە قەرەباڵخەکان بپارێزە
هەوڵبدە خۆت لە شوێنە قەرەباڵخە داخراوەکان بپارێزیت، چونکە هەندێک تووشبووی کۆرۆنا هەن دەتوانن کەسانی دیکە تووشبکەن و نیشانەی کۆرۆناشیان نییە.
بەتایبەت ڤایرۆسەکانی کۆئەندامی هەناسە زۆر بەئاسانی لە شوێنە قەرەباڵخە دەخراوەکان دەگوازرێنەوە. بۆ کەمکردنەوەی مەترسیی تووشبوون بەم ڤایرۆسانە پێویستە پەنجەرە بکرێتەوە ئەگەر بەردەست بێت. ئامێری فلتەری هەوا و هەواگۆڕکێ بەکاربێت بەتایبەت لە چێشتخانە.
ماسک بەکاربهێنرێت
سەنتەری پێشگیری و کۆنتڕۆڵکردنی نەخۆشییەکان پێشنیاز دەکات لە شوێنە گشتییەکان ماسک بەکاربهێنرێت، ئەگەر کەسەکە لە شوێنێکدا بێت تووشبووانی کۆرۆنای تێدابێت وەک نەخۆشخانەکان، پێویستە بەهێزترین ماسک بەکاربهێنرێت.
ماسک هەم بۆ هەر سێ جۆرەکەی پەتا و هەم بۆ هەستەوەری ئەگەری تووشبوون کەم دەکاتەوە
لە کاتی تووشبوون بە کۆرۆنا بەرکەوتن کەمبکرێتەوە
لەهەموو کەسێک دووربکەرەوە کە نەخۆشە، بەرکەوتنی نزیک کەمبکەرەوە لەگەڵ ئەو کەسانەی وادەردەکەوێت نەخۆشن یان نیشانەکانی کۆرۆنایان هەیە.
ئەگەر نیشانەکانی کۆرۆنات هەیە پشکنینی کۆرۆنا بکە یان دوای پێنج ڕۆژ دوای تووشبوونت بە ڤایرۆسەکە پشکنینەکە بکە.
چۆن ڕێگری لە تووشبوون بە هەستەوەری دەکرێت؟
باشترین ڕێگە بۆ ڕێگریکردن لە هەستەوەری دوورکەتنەوەیە لە هۆکارەکانی تووشبوون بە هەستەوەری، وەک دەنکەهەڵاڵە.
بەکارهێنانی ماسک ڕێگری دەکات لە تێپەڕبوونی دەنکەهەڵاڵە گەورەکان بۆ کۆئەندامی هەناسە.
30/12/2025