شۆڕشی ئۆتۆمبێلە کارەباییەکان جیهانی داگیر کرد؛ چین پێشەنگە و ئەمریکا پاشەکشەی کردووە

ئۆتۆمبێلێکی کارەبایی لە کاتی بارگاویکردندا
ئۆتۆمبێلێکی کارەبایی لە کاتی بارگاویکردندا

ساڵی 2025 وەک ساڵێکی وەرچەرخان لە مێژووی پیشەسازیی ئۆتۆمبێلدا تۆمار دەکرێت. سەرەڕای ململانێ سیاسییەکان و جەنگی بازرگانیی نێوان زلهێزەکان، شەپۆلی بەکارهێنانی ئۆتۆمبێلی دۆستی ژینگە گەیشتووەتە لووتکە و چین وەک ئەژدیهای ئەم بازاڕە، دەستی بەسەر زۆرینەی فرۆشەکاندا گرتووە.

ژمارە پێوانەییەکان و بازدانی گەورە

بەگوێرەی دوایین داتاکانی ئاژانسی وزەی نێودەوڵەتی (IEA)، لەمساڵدا فرۆشی ئۆتۆمبێلە کارەباییەکان بەشێوەیەکی بەرچاو هەڵکشاوە و نزیکەی 22 ملیۆن ئۆتۆمبێل لە سەرتاسەری جیهاندا فرۆشراون. ئەم ژمارەیە واتای ئەوەیە کە ئێستا 22٪ـی قەبارەی بازاڕی جیهانی لەلایەن ئۆتۆمبێلە کارەباییەکانەوە کۆنترۆڵ کراوە. گەشەکردنەکە بە جۆرێک خێرایە، پێشبینی دەکرێت بۆ ساڵی 2026 ئەم ڕێژەیە بۆ 25٪ بەرز ببێتەوە و چارەکێکی بازاڕی ئۆتۆمبێل داگیر بکات.

چین دەستی بەسەر بازاڕدا گرتووە

ئەوەی جێگەی سەرنجە، باڵادەستیی ڕەهای چینە بەسەر ئەم پیشەسازییەدا. سەرەڕای هەموو ئەو سنووردارکردنانەی خراوەتە سەر بەرهەمەکانی و بوونی جەنگی بازرگانی، چین هێشتا وەک ناوەندی سەرەکیی بازاڕەکە ماوەتەوە و خاوەنی 60٪ـی کۆی ئۆتۆمبێلە کارەباییە فرۆشراوەکانی جیهانە، بەمەش پشکی شێری بەرکەوتووە و رکابەرەکانی بەجێهێشتووە.

ئەوروپا لە پێشبڕکێ و ئەمریکا لە پاشەکشە

لە دوای چین، کیشوەری ئەوروپا دێت کە توانیویەتی 26٪ـی بەرزترین فرۆشی ئۆتۆمبێلە کارەباییەکان مسۆگەر بکات. بەڵام لە دیوەکەی دیکەی زەریاکەدا، ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا دۆخێکی جیاواز ئەزموون دەکات؛ جەنگی بازرگانی کاریگەری نەرێنی لەسەر بازاڕەکەی دروستکردووە و تووشی لاوازی کردووە، بەجۆرێک تێکڕای فرۆشی مانگانەی تەنیا 126 هەزار ئۆتۆمبێل بووە، کە ئەمەش بەراورد بە ساڵانی ڕابردوو دابەزینێکی بەرچاوە.

بازاڕە نوێیەکان و بەراوردکاریی ساڵانە

دابەشبوونی جوگرافیای فرۆش تەنیا لەنێوان زلهێزەکاندا قەتیس نەماوە، وڵاتانی ئەمریکای لاتین توانیویانە 10٪ـی ڕێژەی فرۆش بەدەستبهێنن و 14٪ـەکەی دیکەش بەسەر وڵاتانی دیکەی بەرهەمهێنەردا دابەش بووە. کاتێک سەیری گەشەی ساڵانە دەکەین، دەبینین ئەمساڵ بازدانێکی گەورە ڕوویداوە؛ لە ساڵی 2023ـدا تەنیا 11 ملیۆن و لە 2024ـدا 17 ملیۆن ئۆتۆمبێل فرۆشرا بوون، بەڵام ئەمساڵ بە فرۆشتنی 22 ملیۆن ئۆتۆمبێل، پێنج ملیۆن دانە زیاتر لە ساڵی ڕابردوو فرۆشراوە.