لیرەی سووری نوێ بڵاوکرایەوە؛ 90  ڕۆژ بۆ گۆڕینی لیرەی کۆن بە نوێ دیاریکراوە

ساتی ناساندنی دراوی نوێ سووریا. فۆتۆ: AFP
ساتی ناساندنی دراوی نوێ سووریا. فۆتۆ: AFP

بە ئامادەبوونی ئەحمەد شەرع، سەرۆكی سووریا، لە رێوڕەسمێكدا لە دیمەشق دراوی نوێی سووریا ڕاگەیەندرا، كە تێیدا وێنەی سەركردەكان لابراوە و دوو سفر لە بەهاكەی كەمكراوەتەوە.

دەستپێکی قۆناغێکی نوێ لە سووریا

لەمیانی رێوڕەسمێكدا سەرۆكی سووریا لە وتارێكدا ڕایگەیاند، گۆڕینی دراو ناونیشانە بۆ كۆتاییهاتنی قۆناغی رابردوو و دەستپێكی قۆناغێكی نوێ كە گەلی سووریا خوازیارییەتی.

هێما نیشتمانییەکان لە بری کەسەکان

سەبارەت بە دیزاینی دراوە نوێكە، سەرۆكی سووریا ئاشكرایكرد، شێوەی دراوە نوێیەكە گوزارشتە لە ناسنامەی نیشتمانی و دووركەوتنەوە لە پیرۆزكردنی كەسایەتییەكان، بۆیە پەنایان بۆ هێما نیشتمانییەكان بردووە، چونكە كەسەكان دەڕۆن و دەگۆڕێن.

لە ماوەی 90 ڕۆژدا دراوە کۆنەکە دەگۆڕدرێت

عەبدولقادر حەسریە، پارێزگاری بانكی ناوەندیی سووریا ڕایگەیاند" هاوڵاتیان بۆیان هەیە لە ماوەی 90 ڕۆژدا دراوە کۆنەکانیان بە دراوی نوێ بگۆڕنەوە و 100 لیرەی کۆن بەرامبەر دەبێت بە یەک لیرەی نوێ و لەسەرەتای ساڵی نوێوە، هەموو پارە دانراوەكان لە بانكەكان دەبن بە لیرەی نوێی سووری".