دیارترین پێشکەوتنە تەکنەلۆجییەکانی 2025
لە ئەمساڵدا پێنج تەکنەلۆجیای گرنگ زیاتر پێشکەوتوون و گۆڕانکاریی گەورەیان بەخۆیانەوە بینیوە، بەهۆی تواناکانیان، بوونەتە هۆی گۆڕینی تەواوی پیشەسازییەکان و ژیانی ڕۆژانەمان.
لە ژیریی دەستکردەوە کە توانای چارەسەرکردنی کێشە ئاڵۆزەکانی بیرکاری هەیە بۆ کۆمپیوتەرە کوانتەمییەکان کە ئەو ژماردنانە ئەنجام دەدەن لەوانەیە ملیارەها ساڵ بخایەنێت، لە ڕۆبۆتەکانەوە کە لە دەوروبەری خۆیان تێدەگەن بۆ سیستمەکانی ڤێرچواڵ ڕیاڵتی و ئاگیومێنتد ڕیاڵتی کە جیهانی فیزیکی و دیجیتاڵی ئێمە تێکەڵ دەکەن، ئەم داهێنانانە لوتکەی دەیان ساڵ توێژینەوە پیشان دەدەن کە گەیشتووەتە خاڵی وەرچەرخان لە 2025ـدا.
ژیریی دەستکرد
ئەمساڵ ژیریی دەستکرد و پێشکەوتنە بەردەوامەکانی، توانی گۆڕانکاری لە ئەگەر هەمووی نەبێت، لە زۆرینەی بوارە جیاوازەکاندا بکات.
لە ئەمساڵدا گەورەترین گۆڕانکاری لە مۆدێلەکانی ژیریی دەستکرد، گۆڕینی شێوازی بیرکردنەوەی مۆدێلەکان بوو، کە مۆدێلە نوێکان کاتێک پرسیارێکی ئاڵۆزیان لێدەکرێت، دەتوانن لە ناوخۆی سیستمەکانیاندا بیربکەنەوە و دواتر وەڵامەکە دەدەن بە بەکارهێنەرەکە.
ئەنجامەکان خۆیان قسە دەکەن، مۆدێلەکانی گوگڵ و کۆمپانیای ئۆپن ئەی ئای توانیان لە ئۆڵۆمپیادی نێودەوڵەتیی بیرکاریدا ئاستێکی بەرز بەدەست بهێنن و هاوکێشەی بیرکاریی ئاڵۆز چارەسەر بکەن.
هەر لە ئەمساڵدا، مۆدێلی ژیریی دەستکردی دیپ سیکیش بووە باسوخواسی جیهان کە چین جیهانی شۆک کرد بە پێشکەوتوویی سیستمەکەی و هەرزوو بووە ڕکابەری مۆدێلە پێشکەوتووەکانی ئۆپن ئەی ئای و گوگڵ.
لەلایەکی دیکەشەوە ئەمساڵ بریکارەکانی ژیریی دەستکردمان بینی کە دەتوانن وەکو سکرتێرێک بۆ بەکارهێنەر کار بکەن و خۆیان سەربەخۆیانە بڕیار بدەن.
ژمێریاری کوانتەم
ژمێریاری کوانتەم یەکێکە لە گرنگترین پێشکەوتنەکانی بواری تەکنەلۆجیا لە سەدەی بیست و یەکەمدا، ئەم تەکنەلۆجیایە بە سوود وەرگرتن لە یاساکانی فیزیای کوانتەم، توانای ئەنجامدانی ژمارەکارییەکی زۆر خێرا و ئاڵۆزی هەیە کە ژمێرەرە کلاسیکییەکان ناتوانن ئەنجامی بدەن.
بۆ چەندین ساڵ، ژمێریاری کوانتەم، ڕووبەڕووی قەیران بووبووەوە، لە ڕووی تیۆرییەوە سەرسوڕهێنەرە، بەڵام هەوڵی ئەوەی دەدا سوودی پراکتیکی پیشان بدات بەسەر کۆمپیوتەرە گەورە کلاسیکەکاندا، 2025 ئەو ساڵەیە کە بەربەستەکە لە کۆتاییدا شکێندرا.
چیپی کوانتەمی ویڵۆی گوگڵ، لە کەمتر لە پێنج خولەکدا، ژماردنێکی تەواو کرد کە بە بەهێزترین سوپەر کۆمپیوتەری جیهان، 10 سیپتیلیۆن ساڵ دەخایەنێت، سیپتیلیۆن ژمارەیەکی زۆر گەورەیە، 24 سفری هەیە و تەمەنی گەردوون تێدەپەڕێنێت.
ڕۆبۆت
ئێمە ئەمساڵ شایەتی سەرهەڵدانی ئەو ڕۆبۆتانە بووین کە تەنیا ڕێنماییەکان جێبەجێ ناکەن، بەڵکو تێدەگەن و بڕیاری سەربەخۆ دەدەن و لە ئەزموونەوە فێردەبن.
بۆ نموونە ڕۆبۆتی ئۆپتمسی جێن توی تێسلا، یەکێک بوو لەو ڕۆبۆتانەی ئەمساڵ زۆر لەبەر باس بوو، ئەوەی جیای دەکاتەوە ئەوەیە بە چاودێریکردنی مرۆڤ فێردەبێت نەوەکو بە کۆدکردنی تایبەت.
هەروەها چەندین کارگەی بەناوبانگی جیهان دەستیان کرد بە بەکارهێنانی ڕۆبۆتەکان بۆ ئاسانکردنی ئەرکی مرۆڤەکان و کەمکردنەوەی ئەرکە دووبارە بووەکان، جگە لە ئاسانکردنی کاری مرۆڤەکان، ئەمساڵ یەکەم ڕۆبۆتی جیهان ناوی چووە کتێبی تۆمارەکانی گینسەوە.
ڕۆبۆتی ئاجیبۆت ئەی تووی چین، دوای بڕینی مەودای زیاتر لە 100 کیلۆمەتر لە ماوەی سێ ڕۆژدا، کە درێژترین مەودایە تاوەکو ئێستا لەلایەن ڕۆبۆتی هاوشێوەی مرۆڤەوە بڕابێت، ناوی چووە کتێبی گینسەوە.
ئۆتۆمبێلی خودڕەو
دوای دەیان ساڵ لە هەوڵ و لێکۆڵینەوە لەم بوارە، لە ساڵی 2025ـدا لە کۆتاییدا تەکنەلۆجیای ئۆتۆمبێلی خودڕەو لە تاقیکردنەوەوە گواسترایەوە بۆ جێبەجێکردن لە چەند شارێکی جیهان.
بۆ نموونە تەکسییە خودڕەوەکانی کۆمپانیای کروز یان وەیمۆ، یان سایبەرکابی کۆمپانیای تێسلا لە ئەمریکا، هەروەها لە چین تەکسییە خودڕەوەکانی کۆمپانیای وەیمۆ بۆ گواستنەوەی سەرنشین کاردەکەن، لە شاری دوبەیش تەکسییە خودڕەوەکانی کۆمپانیای ویڕاید و ئوبەر کەوتوونەتە کار.
ئەمساڵ هەوڵدرا ژیریی دەستکردیش تێکەڵ بە سیستمی ئۆتۆمبێلەکان بکرێت تاوەکو تێگەیشتنیان بۆ رێگاوبان بەهێزتر بکەن.
لەگەڵ ئۆتۆمبێلە خودڕەوەکاندا، تاقیکردنەوەی ئۆتۆمبێلە ئاسمانییەکانیش بەردەوامە و لەمساڵدا چەندین پێشکەوتنیان بەخۆوە بینی.
ئێکستێندت ڕیاڵتی XR
ئێکستێندت ڕیاڵتی ئەو چەترەیە کە هەریەکە لە تەکنەلۆجیاکانی وەکو ڤێرچواڵ ڕیاڵتی و ئاگیومێنتد ڕیاڵتی و میکسد ڕیاڵتی کۆکردووەتەوە، ئەمساڵ گەیشتنە خاڵێکی گرنگ، لە ئامێرە گرانبەهاکانەوە گۆڕدرا بۆ تەکنەلۆجیایەک کە خەڵک بتوانێت دەستی پێی بگات.
لە ئەمساڵدا، چاویلکەی زیرەک بە کێشێکی کەم جێگەی هیدسێتە گەورە و قورس و گرانبەهاکانیان گرتەوە، کە کوالێتییەکی بەرزیان هەیە.
بە نموونە چاویلکەی ئێکس ڕیەڵ وەن پڕۆ، هەر ئەمساڵ کۆمپانیای مێتا، پەردەی لەسەر زنجیرەیەکی نوێی چاویلکەی زیرەک لادا کە بە تەکنەلۆجیای ژیریی دەستکرد کاردەکەن.
ئەم پێنج تەکنەلۆجیایە خۆیان بەتەنیا سەرسوڕهێنەرن، بەڵام توانای ڕاستەقینەیان کاتێک دەردەکەوێت کە پێکەوە تێکەڵ دەکرێن، بۆ نموونە ژیریی دەستکرد لە ئۆتۆمبێلە خودڕەوەکاندا توانای بڕیاردان باشتر دەکات و سەربەخۆیی زیاتریان پێدەبەخشێت، ژمێریاری کوانتەم یارمەتیدەرێکی گەورە دەبێت بۆ ڕاهێنانی مۆدێلەکانی ژیریی دەستکرد، هەروەها تەکنەلۆجیاکانی ئێکستێندت ڕیاڵتی یارمەتی کۆنترۆڵکردنی ڕۆبۆتەکان دەدات لە دوورەوە و چەندین کاری دیکە بە تێکەڵکردنی ئەم تەکنەلۆجیایانە دەکرێت ئەنجام بدرێن.
31/12/2025