پۆلیسی کەرکووک داوادەکات 70 خێزانی کورد خۆیان ڕادەستبکەن
بەگوێرەی بەدواداچوونەکانی کەناڵ8، شەوی ڕابردوو هێزێکی بنکەی پۆلیسی عەرەفە، سەربە فەرماندەیی پۆلیسی کەرکووک چووەتە گەڕەکەکە و داوایکردووە 70 خێزانی کورد خۆیان ڕادەستبکەن، بەو پێیەی فەرمانی دەستگیرکردنیان بۆ دەرچووە.
سکاڵای کۆمپانیای نەوتی باکوور
هۆکاری نوێکردنەوەی فەرمانی دەستگیرکردن بۆ بەشێک لەدانیشتووانی کوردی گەڕەکی عەرەفەی کەرکووک، بۆ سکاڵایەکی کۆمپانیای نەوتی باکوور دەگەڕێتەوە کە داوای چۆڵکردنی 40 خانوو دەکات کە 70 خێزانی تێدا نیشتەجێیە.
فەرمانی دەستگیرکردنیان بۆ دەرکراوە
شێخ فەرهاد بایز، نوێنەری دانیشتووانی گەڕەکی عەرەفە بەکەناڵ8ـى ڕاگەیاند؛ شەوی ڕابردوو هێزەکانی پۆلیس هاتوون و داوایانکردووە ئەوانەی فەرمانی دەستگیرکردنیان هەیە، خۆیان ڕادەستبکەن. گوتیشی، بڕیارە ڕۆژی یەکشەممە هێزی ئەمنی جارێکی دیکە بچێتە گەڕەکەکە و فەرمانی دەستیگرکردنەکە جێبەجێبکات.
مامەڵە و گەشتی هاونیشتمانیان قەدەغەکراوە
ئەو خانووانەی گەڕەکی عەرەفە، کۆمپانیای نەوتی باکوور بەموڵکی خۆی دەزانێت و زیاتر لە دووساڵە داوادەکات دانیشتووانەکەی چۆڵی بکەن، بەڵام بەهۆی ڕەتکردنەوەی داواکاریی کۆمپانیای نەوت باکوور و فەرمانی دەستگرکردن، هەموو جۆرە مامەڵەیەکی فەرمانگە حکومییەکان و گەشتکردن لەدانیشتووانەکەی قەدەغەکراوە و چەند جارێک هەندێکیان دەستگیرکراون.
01/01/2026