ئیسرائیل کاری لە پێشینەی سوپاکەیان بۆ 2026 ئاشکرا دەکات

ئیال زامیر، سوپاسالاری ئیسرائیل فۆتۆ: ماڵپەڕی ئیسرائیل تایمز
ئیال زامیر، سوپاسالاری ئیسرائیل فۆتۆ: ماڵپەڕی ئیسرائیل تایمز

ئەیال زامیر، سوپاسالاری ئیسرائیل ڕایگەیاند، وڵاتەکەى ڕژدە لەسەر چەکداماڵینی بزووتنەوەی حەماس و ساڵی 2026ـی بە "ساڵێکی یەکلاکەرەوە" بۆ ئاسایشی دەوڵەتی ئیسرائیل ناوبردووە.

چەکداماڵینی حەماس

زامیر لە میانەی سەردانێکیدا بۆ غەززە بە سەربازەکانی وڵاتەکەى گوتووە: "ساڵی 2026 ساڵێکی یەکلاکەرەوە دەبێت بۆ داڕشتنی ئاسایشی دەوڵەتی ئیسرائیل و ڕژدن لەسەر چەکداماڵینی حەماس و ڕێکخراوە تیرۆریستییەکانی دیکە."

ڕێگە بە حەماس نادەن

لە درێژەی گوتەکانی دا، سوپاسالاری ئیسرائیل ئاماژەی بەوەشکرد، ڕێگە بە حەماس نادەن تواناکانی خۆیان سەرلەنوێ بونیاد بنێنەوە و هەڕەشەیان لێبکەن. ئەوەش لەکاتێکدایە، بنیامین نەتانیاهوو، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل، لەمیانی دیدارەکەیدا لەگەڵ دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا لە فلۆریدا، ئەم پرسەى وروژاند.

باجێکی قورس دەدەن

ترەمپ لەکاتی پێشوازیکردنی لە نەتانیاهوو جەختی لەسەر پێویستی چەکداماڵینی حەماس کردەوە و ڕایگەیاند، ئەگەر حەماس دەستبەرداری چەکەکانیان نەبن، کە لەسەری ڕێککەوتبوون، ئەوا باجێکی قورس دەدەن، جەختیشیکردەوە، دەبێت لە ماوەیەکی زۆر کورتدا دەستبەرداری چەکەکانیان بن.

قەسام دەستبەرداری چەکەکانی نابێت

بەڵام کەتیبەکانی عیزەدین قەسام، باڵی سەربازیی بزووتنەوەی حەماس، جەختیان لەوە کردووەتەوە، دەستبەرداری چەکەکانیان نابن، تاوەکو ئەو کاتەی داگیرکاریی بمێنێت.