هەژماری من: بانکەکان دواکەوتوون لە دابینکردنی پارە بۆ (ئەی تی ئێم)ەکان
نووسینگەى سەرەکى هەژمارى من، بە کەناڵ8ـی ڕاگەیاند، هەریەک لە بانکەکانى تى بى ئاى و بانکى ئیسلامى عێراقى و ئاڕتى بانک، کەموکورتییان لە دابینکردنى مووچە بۆ مووچەخۆرانى هەرێمى کوردستان بۆ مانگى 10ـى ساڵى 2025 هەبووە.
بانکەکان دواکەوتوون
بەرپرسێک لە نووسینگەى سەرەکى هەژمارى من کە پەیوەستە بە سەرۆکوەزیرانى هەرێمى کوردستان، ئەوەی خستەڕوو، هەریەک لە بانکەکانى تى بى ئاى و بانکى ئیسلامیى عێراقى ئامێرى ئەى تى ئێمی کەمیان داناوە بۆ مووچەخۆران و دواکەوتن هەبووە لە پڕکردنەوەى سندوقى ڕاکێشانى پارە.
ئاڕتی بانکیش دواکەوتووە لە پڕکردنەوەی پارە
ئەو بەرپرسەی نووسینگەی هەژماری من ئەوەشی گوت، ئاڕتى بانک کە یەکێکە لە بانکەکانى ناو پڕۆژەى هەژمارى من، بەهۆى فشارەکان لەسەر ئەى تى ئێمەکان دواکەوتنى هەبووە لە پڕکردنەوەى سندوقى ڕاکێشانى پارە.
هۆشداریی توند دراوەتە بانکەکان
بەرپرسەکەى هەژمارى من ئەوەشى بە کەناڵ8 گووت، دانبەوەدا دەنێن، کەموکورتى هەبووە و گرفت بۆ وەرگرتنى مووچەى مانگى 10ـى مووچەخۆران دروستبووە، بەوهۆیەشەوە "هۆشداری توند دراوەتە بانکەکان".
ئامێر و ستاف زیاد بکەن
لە بارەى هۆشدارییەکەوە، گوتى، پێویستە لەسەر ئەو بانکانە ئامێرى ئەى تى ئێمەکانیان زیاد بکەن و ستافى گواستنەوەى پارەى مووچەش زیاد بکەن، باسى لەوەشکرد، "بۆ مووچەى مانگى داهاتوو ئەو گرفتانە نامێنێت و ژمارەى ئەى تى ئێمەکان زیاد دەکرێن".
630 هەزار مووچەخۆر و 517 ئەی تی ئێم
ئەمە لەکاتێکدایە، بۆ مووچەی مانگی 10ـی ئەمساڵ، 630 هەزار مووچەخۆر بە کارتی بانکی مووچەکانیان وەرگرتووە، کە لەلایەن 517 ئامێری پارە ڕاکێشان (ATM) لە ناوچە جیاوازەکان جێگیر کراون، کە دەبوو 630 ئامێرى ئەى تى ئێم دابنرایە، واتە 113 ئامێرى ئەى تى ئێم کەمتر دانراوە.
01/01/2026