قەرەسوو: هەنگاوی یاسایی نەنرێت ئاشتی و چارەسەر بەدینایەت

مستەفا قەرەسوو، ئەندامی کۆنسەی بەڕێوەبردنی کۆما جڤاکێن کوردستان "کەجەکە" ڕایگەیاند، کێشەی کورد چارەسەر نەکرێت، مەیلی کودەتا وەک خۆی بەردەوام دەبێت، ئاماژە بەوەشدەکات، بەبێ هەنگاوی یاسایی، ئاشتی بەدینایەت.

بیانوو دەداتە دوژمنانى کورد

قەرەسوو، لە دیمانەیەکیدا لەگەڵ میدیای پارتەکەی گوتی، تاوەکو ئەو کاتەی پرس و کێشەی کورد لە باکووری کوردستان و تورکیا چارەسەر نەکرێت، بیانوو بە هەندێک لایەن دەدات، زیاتر خۆیان وەک دوژمنی کورد دەردبخەن و بەدوای زەمینەی کودەتادا بگەڕێن.

"مەیلى کودەتا هەر دەمێنێت"

گوتیشی، ئێستاش هەندێک لایەن بەدوای خۆبەهێزکردنەوەن بۆ ئەوەی بە بیانووی ڕێگرتن لە دابەشبوونی تورکیا، کودەتا بکەن، هەربۆیە تاوەکو کێشەی کورد چارەسەر نەبێت، مەیلی کودەتاش دەمێنێت.

مێژوو و هۆکارى کودەتاکانى تورکیا

قەرەسوو دەڵێت، هۆکاری کودەتای 12ـی ئەیلوولی 1980، بەهێزبوونی خەباتی ئازادیخوازانەی کورد بوو، هەوڵی کودەتای 2016ش، ئەو دۆخە دروستیکرد کە بەهۆی چارەسەرنەکردنی کێشەی کوردەوە سەریهەڵدا، چونکە هەمووان دەزانن بزووتنەوەی خزمەت و ڕێبەرەکەیان، چۆن دژایەتیی پەکەکە و عەبدوڵا ئۆجەلانیان دەکرد و دەیانویست بە ڕێگەی کودەتا بگەنە دەسەڵات.

پڕۆسەى ئاشتى و چوارچێوەى یاسایی

قەرەسوو، باسی لە گرنگیی ڕۆڵی پەرلەمان لە پڕۆسەی ئاشتی کرد و گوتی، ئەگەر پڕۆسەی ئاشتی نەخرێتە چوارچێوەیەکی یاساییەوە، نە ئاشتی بەدیدێت و نە چارەسەری سیاسیی و یاسایی دێتە ئارا.

باسی لەوەشکرد، ئەوانەی لەگەڵ بەردەوامیی شەڕ و پێکدادانی کورد و دەوڵەتی تورکیادان، ئەوانەن کە دەستیان لەگەڵ هێزە دەرەکییەکاندا تێکەڵە.

ئاکپارتى و مەهەپە و جیاوازى ئایدیا

قەرەسوو ئاماژەی بەوەشکرد، جیاوازیی ئایدۆلۆژی و سیاسیی لەنێوان ئاکپارتی و مەهەپەدا هەیە، بەڵام لەسەر پڕۆسەی ئاشتی هاودەنگن، ئەوەش وای کردووە لەسەر پڕۆسەکە ناکۆکیی نەکەوێتە نێوانیان.