هاتوچۆی سلێمانی نۆرەگرتنی ئەلیکترۆنی بۆ بەشی مۆڵەت کارا دەکات
بەڕێوەبەرایەتیی هاتوچۆی سلێمانی، نۆرەگرتنی ئەلیکترۆنی بۆ بەشی مۆڵەت کارا دەکات و دەڵێت: ئامانجییان لەو هەنگاوە کەمکردنەوەی لۆد و قەرەباڵخی و ڕاییکردنی مامەڵەی هاوڵاتییانە بەشێوەیەکی سەردەمییانە.
دیاریکردنی ڕۆژێک بۆ ڕاییکردنی مامەڵەی هاوڵاتیان
ئاماژە بەوەش دەکات، کەسی سەردانیکەر ڕۆژانی شەممە سەردانی ماڵپەڕی هاتوچۆی سلێمانی دەکات و ڕۆژێک لەو هەفتەیەی دادێت هەڵدەبژێرێت و خۆی تۆمار دەکات بۆ ڕاییکردنی مامەڵەکەی.
دەبێتە هۆی کارئاسانی بۆ ئەو هاوڵاتییان
ئاشکراشی دەکات، هەنگاوەکان بەشێوەیەکی پراکتیکی و تیۆری دانراون لە ماڵپەڕەکەدا و ئەو کارە دەبێتە هۆی کارئاسانی بۆ ئەو هاوڵاتییانەی دەیانەوێت سەردانی بەشی مۆڵەت بکەن بەمەرجێک دڵنیاببنەوە لەو ڕۆژەی کە نۆرەی تیادا گرتووە و دەشڵێت: سیستمەکە بە شێوەیەک بەرنامەڕێژی بۆکراوە کە تەنیا ئەو کەسەی نۆرەکە دەگرێت دەتوانێت سەردان بکات، لەبەرئەوەی لە سیستمەکەدا تایبەتمەندیی ناسینەوەی کەسی هەیە.
سەرەتا بەشێوەی ئەزموونی کارا دەبێت
سیستەمی نۆرەگرتن هەفتانە یەک جار لە ڕۆژانی شەممە لەکاتژمێر 7:00ى ئێوارە چالاک دەبێت و ئەو خزمەتگوزارییە لە سەرەتادا بەشێوەیەکی ئەزموونی کاری لەسەر دەکرێت و لە هەر گۆڕانکارییەک لە ڕێگەی ماڵپەڕ و سۆشیال میدیا فەرمییەکانیانەوە ئاگادار دەکرێنەوە.
02/01/2026