دەستەی گشتیی گومرگى عێراق: دەستکرا بە جێبەجێکردنی ڕەسمى گومرگی نوێ

لە هەرێمی کوردستان ئۆتۆمبێلى هایبرید و تەواو کارەبایی بە تەواوى لە ڕەسمى گومرگى دەبەخشرێن
لە هەرێمی کوردستان ئۆتۆمبێلى هایبرید و تەواو کارەبایی بە تەواوى لە ڕەسمى گومرگى دەبەخشرێن

دەستەی گشتیی گومرگى عێراق دەستپێکردنی جێبەجێکردنی ڕەسمى گومرگی نوێى بۆ هەموو جۆرە کاڵا و شمەکێک ڕاگەیاند و ئاماژەی بەوەش کرد دەستکراوە بە جێبەجێکردنی پێناسەی نوێی گومرگی بۆ ئۆتۆمبێلە هایبریدەکان و هەندێک کاڵای تر، هەروەها جەختی لە هەڵوەشاندنەوەی سیستەمی باجى چەسپێنراو بۆ کۆنتێنەرەکان لە بەندەرەکان کردەوە و ئاماژەى بەوە کرد کە لەمەودوا ڕەسمی گومرگی لەسەر بنەمای جۆری ماددەکان وەردەگیرێت.

پەسەندکردنی پێناسەی نوێی کاڵا و شمەکەکان

سامر قاسم، بەڕێوەبەری گشتیی دەستەکە بە ئاژانسی هەواڵی عێراقی ڕاگەیاند " دەستکرا بە جێبەجێکردنی بڕیاری ژمارە 957ـى ساڵی 2025، کە بریتییە لە پەسەندکردنی پێناسەی نوێی کاڵا و شمەکەکان، لەگەڵ سەپاندنی ڕەسمی گومرگی بۆ ئۆتۆمبێلە هایبریدەکان بەبێ ئەوەی کاریگەری لەسەر ئۆتۆمبێلەکانى تر هەبێت، هەروەها سەپاندنی ڕەسمی گومرگی بە ڕێژەی 5٪ لەسەر نرخی زێڕ، لەگەڵ زیادکردنی ڕەسمی گومرگی بۆ هەندێک ماددەی تر".

ماددە خۆراکییەکان کاریگەرییەکی ئەوتۆیان لەسەر نەبووە

گوتیشى "کاڵا پێویستەکان و ماددە خۆراکییەکان کاریگەرییەکی ئەوتۆیان لەسەر نەبووە بەهۆی زیادکردنی پێناسەی گومرگییەوە".

بڕینی باج لە ڕێگەی سیستەمی ئاسیکۆدا دەبێت

بەڕێوەبەری گشتیی دەستەی گشتیی گومرگى عێراق ئاماژەى بەوە کرد "بڕینی باج لە ڕێگەی سیستەمی ئاسیکۆدا دەبێت، بە شێوەیەک بارمتەی باج لە کاتی گەیشتنی کاڵاکان بۆ هەموو مەرزە گومرگییەکان وەردەگیرێت و لە ڕێگەی ئاسیکۆداوە ڕەوانەی دەستەی گشتیی باج دەکرێت بۆ سەر ئەژمێری باجدەران بۆ ئەوەی دواتر لێپرسینەوەی باجییان بۆ بکرێت".

ئێستا ڕەسمی گومرگی لەسەر بنەمای جۆری ماددەکان دەبێت

جەختی لەسەر ئەوەش کردەوە "کارکردن بە سیستەمی باجى چەسپێنراو بۆ کۆنتێنەرەکان لە بەندەرەکان هەڵوەشاوەتەوە؛ پێشتر سیستەمی باجى چەسپێنراومان بۆ هەر کۆنتێنەرێک هەبوو کە 3 بۆ 4 ملیۆن دینار بوو، بەڵام ئێستا ڕەسمی گومرگی لەسەر بنەمای جۆری ماددەکان و بەپێی ڕێنماییەکان و یاسای پێناسی گومرگی و پێوەرە نێودەوڵەتییەکان دەبێت و ڕەسمەکە لەسەر جۆری کاڵا و نرخەکەی دەبێت نەک بە شێوەی بڕی چەسپێنراو بۆ کۆنتێنەر".

سیستمى گومرگیى هەرێمى کوردستان جیاوازە

پێشتر جێگرى بەڕێوەبەرى دەروازەى گومرگیی باشماخ بە کەناڵ8ـى ڕاگەیاند، سیستمى گومرگیى هەرێمى کوردستان جیاوازە و بۆ هاوردەکردنى ئۆتۆمبێیل و ڕەسمى گومرگى، کار بە دوایین ڕێنمایی وەزارەتى ناوخۆى هەرێمى کوردیستان دەکرێت.

کار بەڕێنماییەکانى حکومەتى هەرێمى کوردستان دەکرێت

شێرکۆ عەبدوڵا، جێگرى بەڕێوەبەرى گومرگى دەروازەى نێودەوڵەتى باشماخ بە کەناڵ8ـى ڕاگەیاند، ئەو سیستمە ئەلیکترۆنییەى لە عێراق کارى پێدەکرێت، پێشتر لە هەرێمى کوردستان هەبووە، بۆ ڕەسمى گومرگى سەر کاڵا و پێداویستییەکانیش کار بەڕێنماییەکانى حکومەتى هەرێمى کوردستان دەکرێت.

شێرکۆ عەبدوڵا گوتیشى، لە هەرێمى کوردستان بۆ گومرگى ئۆتۆمبێل کار بە ڕێنمایی ژمارە 14ـى ساڵى 2025 دەکرێت کە وەزارەتى ناوخۆ دەریکردووە و دواى ئەوە هیچ ڕێنماییەکیان بۆ نەهاتووە.

بەگوێرەى ڕێنمایی ژمارە 14ـى ساڵى 2025ـى وەزارەتى ناوخۆى هەرێمى کوردستان، ئۆتۆمبێلى هایبرید و تەواو کارەبایی بە تەواوى لە ڕەسمى گومرگى دەبەخشرێن.