دیمەنى گێچەڵپێکردنى کچێک لە بەسڕە کاردانەوەى زۆرى لێکەوتووەتەوە
بڵاوبوونەوەى دیمەنى گێچەڵ و دەستدرێژیکردنە سەر کچێک لەلایەن ژمارەیەک گەنجەوە لە ئاهەنگى شەوى سەرى ساڵ، لە پارێزگاى بەسرە هەرایەکى گەورەى لێدەکەوێتەوە، دەزگا ئەمنییەکانى پارێزگاکەش لەسەر ڕووداوەکە چەندین کەسیان دەستگیرکردووە.
بە ئەستەم لە دەست دەستدرێژیکارەکان ڕزگارى دەبێت
بەگوێرەى ئەو دیمەنە ڤیدیۆییانەى لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بڵاوبوونەتەوە، لە ئاهەنگى شەوى سەرى ساڵ لە کۆرنیشى شەتولعەرەب، لە پارێزگاى بەسرە، ژمارەک گەنج گێچەڵ بە کچێکى منداڵکار دەکەن و هەوڵدەدەن دەستدرێژى بکەنە سەر، بەڵام بە ئەستەم لە دەست دەستدرێژیکارەکان ڕزگارى دەبێت.
لێکۆڵینەوە لە ڕووداوەکە دەستپێکردووە
ڕووداوەکە کاردانەوەى فراوانى لە ناو هاوڵاتییان و چالاکوانانی پارێزگاکەدا دروستکردووە و بەرپرسانى ئەمنى و ئیداریش بەدواداچوون و لێکۆڵینەوەیان لە ڕووداوەکە دەستپێکردووە.
لەسەر رووداوەکە 17 کەسیان دەستگیرکراون
ئەسعەد عیدانى، پارێزگارى بەسڕە ڕایگەیاند، هەر دواى ڕووداوەکە دەزگا ئەمنییەکان دەستبەکاربوون و لێکۆڵینەوە و بەدواداچوونیان کردووە، لەسەر ئەو رووداوەش 17 کەسیان دەستگیرکردووە.
چاوپۆشى ناکرێت لە هیچ ڕەفتارێک دژ بە ئادابى گشتى
عیدانى جەختیشیکردوەتەوە، حکومەتى خۆجێی چاوپۆشى ناکات لە هیچ ڕەفتارێک دژ بە ئادابى گشتى و ئاسایشى کۆمەڵایەتى.
هاوکات، فەرماندەیی پۆلیسى پارێزگاى بەسڕە بڵاویکردەوە، 45 کەس بەتۆمەتى گێچەڵپێکردن و ڕەفتارى دوور لە ئادابى کۆمەڵایەتى و تەقەکردن و هەڵدانى یارى ئاگرین دەستگیرکراون.
03/01/2026