گرۆک بەهۆی دروستکردنی وێنەی نەشیاو ڕەخنەی لێدەگیرێت

ژمارەیەک بەکارهێنەری گرۆک، چاتبۆتە زیرەکەکەی ئێکس ئەی ئای کە لەلایەن ئیلۆن مەسک خاوەندارێتی دەکرێت، ڕایانگەیاندووە چاتبۆتەکە وێنەی ژن و منداڵی گۆڕیوە بۆ وێنەی ڕووت و پۆرنۆگرافی، بەهۆیەوە ڕووبەڕووی لێشاوێک لە ڕەخنە بووەتەوە.

"بەپەلە چاکی دەکەین"

گرۆک ڕۆژی هەینی ڕایگەیاند، لە هەوڵدایە بۆ چاککردنی ئەو تێکچوونە لە ژیرییە دەستکردەکەیدا، گرۆک لە پلاتفۆرمی ئێکس بڵاویکردەوە :"کەموکوڕیمان دەستنیشان کردووە و بەپەلە چاکی دەکەین" هەروەها وتیشی کە ئەو جۆرە وێنانە نایاساییە و قەدەغەیە.

کەی دەستی پێکرد؟

سکاڵای بەکارهێنەران لەسەر ئەم پێشێلکارییەی گرۆک ئەو کاتە دەستی پێکرد کە لە کۆتایی مانگی کانوونی یەکەمدا کۆمپانیاکە دوگمەی دەستکاریکردنی وێنەی بۆ چاتبۆتەکە زیادکرد.

ئەم دوگمەیە ڕێگە بە بەکارهێنەر دەدات هەر وێنەیەک لەناو پلاتفۆرمی ئێکسدا بێت بتوانێت دەستکاری بکات، بەشێک لە بەکارهێنەران بەکاریانهێناوە بۆ لابردنی جل و ڕووتکردنەوەی ژنان و منداڵان لە وێنەکاندا.

یەکەمجار نییە

ئەمە یەکەمجار نییە گرۆک کارێک بکات کە ببێتە جێگەی مشتومڕ، لە چەند مانگی ڕابردوودا، چاتبۆتەکە ڕووبەرووی لێشاوێک لە ڕەخنە بووەوە بەهۆی چەند لێدوانێکی لەبارەی شەڕی غەززە و ئیسرائیل، ململانێی هیندستان و پاکستان تاوەکو دەگاتە قسەکانی لەبارەی جووەکانەوە و بڵاوکردنەوەی زانیاری هەڵە.