تێسلا نازناوی گەورەترین بەرهەمهێنەری ئۆتۆمبیلی کارەبایی لەدەستدا

ئیلۆن مەسک، بەڕێوەبەری جێبەجێکاری تێسلا
ئیلۆن مەسک، بەڕێوەبەری جێبەجێکاری تێسلا

کۆمپانیای تێسلا، ڕۆژی هەینی، پێگەی خۆی وەکو پڕفرۆشترین و گەورەترین بەرهەمهێنەری ئۆتۆمبێلی کارەبایی بۆ کۆمپانیایەکی چینی لەدەستدا.

هۆکارەکەی

هۆکاری لەدەستدانی نازناوەکە بۆ دابەزینی فرۆشی بۆ دووەم ساڵ لەسەر یەک دەگەڕێتەوە بۆ ناڕەزایی کڕیاران لە ڕەوشتی بەڕێوەبەرە جێبەجێکارەکەی، باجی ئەمریکا و کێبڕکێی توند لە بازاڕەکەدا.

فرۆشی ئۆتۆمبێل

تێسلا ڕایگەیاند کە لە ساڵی 2025، 1.64 ملیۆن ئۆتۆمبێلی فرۆشتووە، کە بە بەراورد بە ساڵی پێشوو %9 کەمی کردووە.

کۆمپانیای BYDـی چینی کە ڕکابەرێکی گەورەی تێسلایە، لە ساڵی ڕابردوو، 2 ملیۆن و 260 هەزار ئۆتۆمبێلی فرۆشت، ئێستا گەورەترین بەرهەمهێنەری ئۆتۆمبێلی کارەباییە.

مەسک بەکەم سەیری BYD دەکرد

ئەم گۆڕانکارییە کاریگەریی ڕاستەوخۆی لەسەر ئیلۆن مەسک، بەڕێوەبەری جێبەجێکاری تێسلا دەبێت، کە پێشتر بی وای دی بە کەم سەیر دەکرد، دوای ئەوەی کۆمپانیاکەی توانی بەسەر کۆمپانیا تەقلیدییەکانی بەرهەمهێنانی ئۆتۆمبێل سەربکەوێت و ئیلۆنی کردە دەوڵەمەندترین پیاوی جیهان.

وەبەرهێنەران گەشبینن

سەرەڕای ئەو ئاستەنگانەی ڕووبەڕووی کۆمپانیاکە دەبنەوە، وەبەرهێنەران گرەویان لەسەر توانای ئیلۆن مەسک کردووە بۆ بەدیهێنانی ئامانجەکانی، وەکو کردنی تێسلا بە پێشەنگ لە بواری خزمەتگوزاریی تەکسی و ڕۆبۆتە هاوشێوەکانی مرۆڤ کە توانای ئەنجامدانی ئەرکە گرنگەکانیان لە ناوماڵ و ئۆفیسەکاندا هەیە.

ڕەنگدانەوەی ئەم گەشبینییە، پشکەکانی ساڵی 2025ـی تێسلایە کە بە نزیکەی %11 بەرزبوونەوە داخرا.