بەهای دینار دابەزینی زیاتری تۆمار کرد؛ 100 دۆلار گەیشتە 146 هەزار دینار

هاونیشتمانییەك لەكاتی هەژماركردنی پارەدا. فۆتۆ: حەمە سوور - كەناڵ8
هاونیشتمانییەك لەكاتی هەژماركردنی پارەدا. فۆتۆ: حەمە سوور - كەناڵ8

بەهای دیناری عێراقی بەرامبەر بە دۆلاری ئەمریکی ماوەی 2 هەفتەیە ڕووی لە دابەزین کردووە و لە بازاڕەکانی دراودا ناجێگیری بەخۆیەوە بینیوە. ئەم دابەزینە بەردەوامە وایکردووە نرخی 100 دۆلار لە بەشێک لە بازاڕەکاندا بەربەستی 145 هەزار دینار تێپەڕێنێت و ژمارەی نوێ تۆمار بکات.

نرخی ئاڵوگۆڕ لە بازاڕەکانی هەرێم و بەغداد

جەبار گۆران، وتەبێژی بازاڕی دۆلاری سلێمانی بە کەناڵ 8ـی ڕاگەیاند، بەهای دینار بەردەوامی هەیە لە دابەزیندا و لە ئێوارەی دوێنێدا لەکاتی داخستنی بازاڕی شاری سلێمانی نرخی 100 دۆلار گەیشتە 144 هەزار و 850 دینار. هاوکات لە بازاڕەکانی شاری هەولێر نرخی 100 دۆلار بەرزتربووەوە و گەیشتە 145 هەزار دینار، لەکاتێکدا لە بۆرسەی بەغداد بەرزترین ئاستی تۆمار کردووە و 100 دۆلار بەرامبەر بە 146 هەزار دینار مامەڵەی پێوە کراوە.

دۆخی بازاڕ پێچەوانەی لێدوانی بەرپرسان

شەپۆلی بەرزبوونەوەی بەهای دۆلار لە هەفتەی کۆتایی ساڵی 2025ـەوە دەستیپێکردووە. ئەم گۆڕانکارییە لە کاتێکدایە کە پێشتر بەرپرسانی عێراق جەختیان دەکردەوە کە دوای پشووەکانی سەری ساڵ، بەهای دۆلار دادەبەزێت و دینار بەهاکەی خۆی بەدەستدەهێنێتەوە، بەڵام تاوەکو ئێستا پێشبینییەکان پێچەوانە دەرچوون و بەهای دینار لە ئاستێکی نزمدایە و دۆلار بەردەوامە لە بەرزبوونەوە.