سێگۆشەی نەوتی ئەمریکا لە ڤەنزوێلا؛ پلانێک بۆ کۆنترۆڵکردنەوەی گەورەترین یەدەگی جیهان

ڤەنزوێلا خاوەنی یەک لەسەر پێنجی کۆی یەدەگی نەوتی جیهانە و قەبارەی یەدەگە پشتڕاستکراوەکەی دەگاتە 303 ملیار بەرمیل نەوت، بەڵام لە ئێستادا ئاستی بەرهەمهێنانی ڕۆژانەی بۆ کەمتر لە 1 ملیۆن بەرمیل دابەزیوە، کە دەکاتە کەمتر لە 1%ـی بەرهەمی جیهانی. ئەمەش لەکاتێکدایە کە 14 ساڵ لەمەوبەر ئەو وڵاتە ڕۆژانە 3 ملیۆن و 500 هەزار بەرمیل نەوتی بەرهەم دەهێنا.

تێچووی چاککردنەوەی ژێرخانی نەوتی

پێشبینییەکان ئاماژە بەوە دەکەن کە گەڕانەوەی ئاستی بەرهەمهێنان بۆ 2 ملیۆن بەرمیل لە ڕۆژێکدا پێویستی بە وەبەرهێنانێکی گەورە هەیە بە بڕی 58 ملیار دۆلار، ئەمەش بۆ مەبەستی چاککردنەوەی بۆرییەکان و پاڵاوگەکان کە ماوەی نیو سەدەیە کاری چاککردنەوەیان بۆ نەکراوە.

بەگوێرەی لێکۆڵینەوەکانی کۆمپانیای شیڤرۆنی ئەمریکی، گەیشتنەوە بە ئاستی 2 ملیۆن بەرمیل پێویستی بە 5 ساڵ کارکردنی بەردەوام هەیە. هەروەها ئەگەر ئامانجەکە گەیشتنەوە بێت بە لوتکەی بەرهەمهێنان (3.5 ملیۆن بەرمیل)، ئەوا وڵاتەکە پێویستی بە 110 ملیار دۆلار و 10 ساڵ کارکردن دەبێت.

چارەنووسی کۆمپانیای نیشتمانیی نەوتی ڤەنزوێلا

دۆناڵد ترەمپ پێشتر کۆمپانیای نەوتی نیشتمانیی ڤەنزوێلای بە "پیشەسازییەکی شکستخواردوو" ناوبردبوو. ڕاپۆرتەکانی واشنتن دەریدەخەن کە ئەمریکا نیازی نییە کۆمپانیاکە هەڵبوەشێنێتەوە، بەڵکو پلانی هەیە پەیکەربەندی و سەرکردایەتییەکەی دابڕێژێتەوە بۆ ئەوەی لەژێر سەرپەرشتی کۆمپانیا ئەمریکییەکاندا بەرهەمهێنان مسۆگەر بکات.

لەکاتێکدا ئیدارەی کۆمپانیا ڤەنزوێلییەکان ڕەتیدەکەنەوە زیانیان بەرکەوتبێت، ڕاوێژکارانی شیڤرۆن ئاماژە بەوە دەکەن کە بەهۆی گەندەڵی دارایی و ئیدارییەوە کۆمپانیاکە لە ڕووی تەکنیکییەوە هەرەسی هێناوە و پێشبینی دەکرێت لە قۆناغی داهاتوودا کۆمپانیا ئەمریکییەکان ببنە هاوبەشی سەرەکی بۆ بوژاندنەوەی.

سێگۆشەی نەوتی ئەمریکا و گەڕانەوەی کۆمپانیاکان

سێگۆشەی کۆمپانیاکانی (شیڤرۆن، ئیکسۆن مۆبیل، کونوکوس فیلیبس) کە 20 ساڵ لەمەوبەر لەسەردەمی هۆگۆ شافێز دەرکرابوون، جارێکی تر دەگەڕێنەوە مەیدانەکە. دۆناڵد ترەمپ دەرکردنی ئەو کۆمپانیایانەی بە "گەورەترین پرۆسەی دزی لە مێژوودا" وەسف کردبوو.

بەپێی زانیارییەکانی ئاژانسی بلومبێرگ:

شیڤرۆن: تاکە کۆمپانیایە کە بەتەواوی نەکشاوەتەوە و ڕۆژانە 140 هەزار بەرمیل بەرهەم دەهێنێت و وەک تاکە هیوا بۆ قۆناغی ئێستا سەیر دەکرێت.

ئیکسۆن مۆبیل و کونوکوس فیلیبس: داوای قەرەبووی ملیاران دۆلار دەکەن بەرامبەر دەستبەسەرداگرتنی کەلوپەلەکانیان. ئیدارەی ترەمپ پەیامی پێداون کە وەرگرتنەوەی مافەکانیان لە ڕێگەی وەبەرهێنانەوە دەبێت لە کەرتی نەوتی ئەو وڵاتەدا.

چین؛ زەرەرمەندی سەرەکی

لەبەرامبەر هەژموونی ئەمریکادا، چین وەک زەرەرمەندی سەرەکی دەردەکەوێت. چین پێشتر بڕی 60 ملیار دۆلار قەرز و وەبەرهێنانی لە ڤەنزوێلا کردووە لە بەرامبەر وەرگرتنی نەوتدا. لەگەڵ دەستگرتنی واشنتن بەسەر کەرتی نەوتدا، چارەنووسی قەرزەکان و وەبەرهێنانەکانی چین ڕووبەڕووی نادیاری دەبێتەوە.