لە لاس ڤێگاس ڕۆبۆتێک پێشوازی لە میوانانی هۆتێلێک دەکات
یەکێک لە هۆتێلەکانی شاری لاس ڤێگاس، لە ڕێگەی ڕۆبۆتێکەوە کە بە دەیان زمانی جیاواز قسە دەکات، پێشوازی لە میوانەکانی دەکات.
بە 50 زمان قسە دەکات
ئۆتۆ، ناوی ڕۆبۆتەکەیە و لە هۆتێلی ئۆتۆنمس لە لاس ڤێگاس پێشوازی لە میوانەکان دەکات، دەتوانێت زانیاری لەبارەی لاس ڤێگاس، پێشنیازی ڕێستۆرانت و بارودۆخی کەشوهەوا و شتی دیکەش بە 50 زمانی جیاواز پێشکەش بکات.
کەسایەتیی تایبەت بە خۆی هەیە
خاوەنی هۆتێلەکە دەڵێت کە ئۆتۆ "وەکو ئەلێکسا و سیری نییە، کەسایەتیی تایبەت بەخۆی و بۆچوونی خۆی هەیە و دەتوانێت ببێتە باشترین هاوڕێت".
ڕۆبۆتەکە لەلایەن کۆمپانیای ئینت بۆت لە کالیفۆرنیا دروستکراوە کە ڕۆبۆتی هاوشێوەی مرۆڤ بۆ هۆتێل، فڕۆکەخانە و سەیرانگەکان دروست دەکات.
یەکەم هۆتێلی ژیریی دەستکرد
لە مانگی تەمووزی ساڵی رابردووەوە هۆتێلەکە کراوەتەوە و وەکو یەکەم هۆتێلی ژیریی دەستکرد لە جیهاندا ناسراوە، دیزاینی هۆتێلەکە جەخت لەسەر ژیریی دەستکرد دەکاتەوە و بەشێوەیەکی گشتی هەموو پڕۆسەکان لەم هۆتێلە دیجیتاڵین و پشت بە تەکنەلۆجیا پێشکەوتووەکان دەبەستێت.
05/01/2026