لە 3 هەزارەوە بۆ 300 هەزار؛ چیرۆکی دۆلار و دینار لە چارەکە سەدەیەکدا

فرۆشیارێکى دراو لە بازاڕى دراوەکەى سلێمانى. فۆتۆ: حەمە سوور-کەناڵ8
فرۆشیارێکى دراو لە بازاڕى دراوەکەى سلێمانى. فۆتۆ: حەمە سوور-کەناڵ8

پەیوەندیی نێوان دیناری عێراقی و دۆلاری ئەمریکی، هەمیشە وەک چیرۆکێکی پڕ لە هەڵکشان و داکشان بووە. لە دوای ساڵی 2003وە، بانکی ناوەندی بووەتە دەسەڵاتداری یەکەم لە دیاریکردنی بەهاکاندا، بەڵام بازاڕی ئازاد هەمیشە قسەی خۆی هەبووە.

بڕیارەکانی بانکی ناوەندی؛ یارییە فەرمییەکە

سەرەتای چیرۆکە فەرمییەکە لە دوای رووخانی ڕژێمەوە دەست پێدەکات. بانکی ناوەندی عێراق سەرەتا لە ساڵی 2005دا بڕیارێکی مێژوویی دا و بەهای 100 دۆلاری بەرامبەر بە 100 هەزار دینار چەسپاند. بەڵام ئەمە زۆری نەخایاند و ساڵێک دواتر، واتە لە 2006دا نرخەکە گۆڕدرا بۆ 118 هەزار دینار. ساڵان تێپەڕین و لە ساڵی 2020دا بەهۆی قەیرانەکانەوە گۆڕانکارییەکی گەورە ڕوویدا و بانکی ناوەندی نرخی فەرمی بۆ 146 هەزار دینار بەرزکردەوە. دواتر لە ساڵی 2023دا جارێکی تر نرخەکەی دابەزاندەوە بۆ 132 هەزار دینار و دواجار لە ساڵی 2024دا بڕیار درا کە 100 دۆلار بە شێوەیەکی فەرمی بەرامبەر بە 130 هەزار دینار جێگیر بکرێت.

بازاڕی ڕەش؛ ئەو نرخەی گیرفانەکان دەیکەن

لە دەرەوەی دیوارەکانی بانکی ناوەندی، بازاڕی ئازاد یان بازاڕی ڕەش چیرۆکێکی جیاوازتری هەبووە. ئەگەر ئاوڕێک لە ساڵانی نەوەدەکان بدەینەوە، لە نێوان ساڵانی 1990 بۆ 2000 بڕی 100 دۆلار تەنیا 3,000 دیناری چاپی سویسری کۆن بووە. بەڵام لە ساڵی 2003دا شۆکێکی گەورە ڕوویدا و 100 دۆلار گەیشتە 300,000 دینار لەو دراوەی کە ئێستا کاری پێ دەکرێت. دواتر دۆخەکە هێور بووەوە و لە نێوان ساڵانی 2004 بۆ 2021 بۆ ماوەیەکی درێژ بەهای 100 دۆلار لە نێوان 125 بۆ 135 هەزار دینار یاری دەکرد. بەڵام ساڵانی 2022 و 2023 ساڵی ناجێگیری بوون و نرخەکان هەڵکشانیان بەخۆوە بینی و گەیشتنە نێوان 150 بۆ 173 هەزار دینار. دواجار لە ساڵی 2024دا نرخەکە کەمێک دابەزی بۆ نێوان 145 بۆ 155 هەزار دینار و لە ساڵی 2025یشدا بازاڕ جۆرێک لە سەقامگیری بەخۆیەوە بینیوە و 100 دۆلار لە دەوروبەری 142 هەزار دینار جێگیر بووە.

هەر کەسە و نرخێک؛ دۆلار بۆ کێ هەرزانە؟

ئێستا سیستمێکی فرەنرخی لە عێراقدا پەیڕەو دەکرێت کە تێیدا دۆلار بەپێی شوێن و مەبەست دەگۆڕێت. بۆ دامەزراوە و وەزارەتە حکومییەکان دۆلار بە هەرزانترین نرخ دەست دەکەوێت کە 100 دۆلار بەرامبەر بە 130 هەزار دینارە. ئەو هاوڵاتییانەشی کە گەشت دەکەن یان لە ڕێگەی پلاتفۆڕمە ئەلیکترۆنییەکانەوە دۆلار دەکرن، دەتوانن 100 دۆلار بە 131 هەزار دینار بەدەست بهێنن. لە کۆتاییدا ئەو بانک و ناوەندانەی کە مۆڵەتی فەرمییان هەیە و دۆلار لە بانکی ناوەندی وەردەگرن، پابەند کراون بەوەی هەر 100 دۆلارێک بە 132 هەزار دینار بە هاوڵاتیان بفرۆشن.