سوپای عێراق؛ لە یەک فەوجەوە بۆ هێزێکی 200 هەزار سەربازی و مێژوویەک لە جەنگ و کودەتا

سوپای عێراق کە مێژووی دامەزراندنەکەی دەگەڕێتەوە بۆ ساڵی 1921، سەرەتا تەنها بە یەک فەوج بە ناوی "ئیمام موسای کازم" دەستیپێکرد، بەڵام بە تێپەڕبوونی کات گەشەی کرد و بوو بە یەکێک لە هێزە کاریگەرەکانی ناوچەکە. ئەم سوپایە لە ماوەی سەدەی ڕابردوودا بە قۆناغی زۆر سەخت و هەستیاردا تێپەڕیوە، لە بنیاتنانەوە بۆ هەڵوەشاندنەوە لە 2003 و دواتر دروستکردنەوەی، هەمیشە بەشێک بووە لە هاوکێشە سیاسی و سەربازییەکانی ناوخۆ و دەرەوەی عێراق.

پێکهاتە و هێزی مرۆیی

لە ئێستادا سوپای عێراق لەژێر چەتری وەزارەتی بەرگریدا کاردەکات و پێکهاتەکەی فراوان بووە. جگە لە هێزە کلاسیکییەکانی وەک وشکانی، ئاسمانی و دەریایی، چەندین هێزی دیکەی وەک فڕۆکەوانیی سوپا، بەرگریی ئاسمانی، هێزی بەرپەرچدانەوەی خێرا و دەزگای بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر لەخۆدەگرێت، ئەمە جگە لەوەی پێشمەرگە و حەشدی شەعبیش بەشێکن لە سیستمی بەرگریی وڵات. لەڕووی ژمارەوە، کۆی هێزەکە نزیک دەبێتەوە لە 200,000 کەس، کە پشکی شێر بەر هێزی پیادە دەکەوێت بە نزیکەی 175,000 سەرباز، لەکاتێکدا هێزی دەریایی بە 12,500 کارمەند و هێزی ئاسمانیش بە 5,000 کارمەند دەخەمڵێنرێن.

توانا و کەرەستە سەربازییەکان

لەدوای پرۆسەی ئازادیی ساڵی 2003 و بنیاتنانەوەی سوپا، عێراق خاوەنی جبەخانەیەکی جۆراوجۆرە. هێزی زەمینی خاوەنی 923 تانک و نزیکەی 39,000 زرێپۆش و ئۆتۆمبێلی سەربازییە، هاوکات خاوەنی هێزێکی ئاگریی گەورەیە کە خۆی لە 281 تۆپهاوێژی خودکار، 1,426 تۆپهاوێژی ئاسایی و 424 ڕاجیمە دەبینێتەوە، کە بە 24 سیستمی بەرگریی ئاسمانی پارێزگارییان لێ دەکرێت. لە ئاسمانیشدا، عێراق خاوەنی 33 فڕۆکەی جەنگی، 16 فڕۆکەی گواستنەوە و 203 هێلیکۆپتەرە، جگە لەوەی خاوەنی 14 فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی جەنگی و 7 ڕادارە. لەبەرامبەردا، هێزی دەریایی عێراق تواناکانی سنووردارە و تەنها خاوەنی 2 کەشتیی جۆری کۆرفیت و 26 بەلەمی گەڕانی دەریاییە.

جوگرافیای سەربازی و دابەشبوونی فیرقەکان

سیستمی فەرماندەیی لە عێراقدا لەسەر بنەمای ناوچەیی دابەشکراوە و خاوەنی 14 فەرماندەیی ئۆپراسیۆنە کە گرنگترینیان بریتین لە بەغداد، نەینەوا، بەسڕە، ئەنبار و کەرکووک. لەڕووی پێکهاتەی شەڕکەرەوە، سوپا لە چەندین فیرقە پێکدێت کە هەر یەکەیان چەند لیوایەک لەخۆدەگرێت. ئەم فیرقانە لە ژمارە 1ـەوە دەستپێدەکەن تا دەگاتە فیرقەی 20، کە بەسەر ناوچە جیاوازەکاندا دابەشکراون، بۆ نموونە فیرقەی زرێپۆشی 9 یەکێکە لە هێزە قورسەکان و لە چوار لیوای سەرەکی پێکهاتووە.

مێژوویەک پڕ لە جەنگ

سوپای عێراق بەشداربوویەکی دیاری مێژووی خوێناوی ناوچەکە بووە. لە ساڵی 1941 جەنگی "مایس"ی دژ بە بەریتانیا ئەنجامدا، دواتر شانبەشانی سوپای وڵاتانی عەرەبی بەشداری لە جەنگەکانی 1948 و 1973 دژ بە ئیسرائیل کرد. خوێناویترین قۆناغی مێژووی ئەم سوپایە جەنگی هەشت ساڵەی نێوان عێراق و ئێران بوو (1980-1988) کە بووە هۆی کوژرانی زیاتر لە یەک ملیۆن کەس. دواتر لە ساڵی 1990 کوەیتی داگیرکرد و لە ساڵی 1991 لەلایەن هاوپەیمانانەوە تێکشکێنرا. لەسەر ئاستی ناوخۆش، ئەم سوپایە چەندین جار بۆ سەرکوتکردنی شۆڕشەکانی کورد، بەکارهێنانی چەکی کیمیایی، ئەنفال و سەرکوتکردنی ڕاپەڕینی شیعەکان لە ساڵی 1991 بەکارهاتووە. دوایین جەنگی گەورەشی ڕووبەڕووبوونەوەی ڕێکخراوی داعش بوو لە ساڵی 2014 تا 2017 کە تێیدا سەرکەوتنی بەدەستهێنا.

ڕۆڵ لە گۆڕەپانی سیاسی و کودەتاکان

جگە لە ئەرکە سەربازییەکەی، سوپای عێراق یاریزانێکی سەرەکی بووە لە گۆڕینی دەسەڵاتە سیاسییەکان لەڕێگەی کودەتاوە. یەکەم کودەتا لە مێژووی دەوڵەتەکەدا لە ساڵی 1936 لەلایەن بەکر سدقییەوە ئەنجامدرا. دواتر لە ساڵی 1941 شۆڕشی ڕەشید عالی گەیلانی ڕوویدا. خاڵی وەرچەرخانی گەورە لە 14ی تەمموزی 1958 بوو کاتێک عەبدولکەریم قاسم و ئەفسەرە ئازادەکان کۆتاییان بە سیستمی پاشایەتی هێنا و کۆمارییان ڕاگەیاند، بەڵام خودی قاسمیش لە ساڵی 1963 لە کودەتایەکدا کە عەبدولسەلام عارف و ئەحمەد حەسەن بەکر ڕابەرایەتییان دەکرد، لابرا و کوژرا.