هۆکارەکانی گریانی زۆری منداڵی ساوا ئەمانەن

گران جاف 06/01/2026
د. ئاوات جەمال واژەیی، پزیشکی پسپۆڕی نەخۆشییەکانی منداڵان
د. ئاوات جەمال واژەیی، پزیشکی پسپۆڕی نەخۆشییەکانی منداڵان

یەکێک لەو گرفتانەی زۆرینەی دایکوباوکان دووچاری دەبنەوە، گریانی زۆری منداڵەکەیانە، ئەم گریانە دەکرێت هۆکاری زۆر بێت و گرنگە دایکوباوکان گریانی ئاسایی و نائاسایی منداڵەکانیان بناسنەوە.

لە لێدوانێکیدا بۆ کەناڵ8، د. ئاوات جەمال واژەیی، پزیشکی پسپۆڕی نەخۆشییەکانی منداڵان, باسی لە باوترین هۆکارەکانی گریانی توندی منداڵان کردووە.

هۆکار چییە منداڵەکەم هەموو ڕۆژێک لە هەمان کاتدا دەگری؟

بە گشتی منداڵ لە تەمەنی یەک بۆ دوو هەفتەییدا گریانی زۆر نییە، بەڵام کاتێک دەگاتە تەمەنی چوار بۆ شەش هەفتە، زۆر دەگری.

ئەگەر منداڵێک نەبەکام نەبێت، واتە لەکاتی خۆیدا لەدایکبووبێت، سووتانەوەی ناو جەستەی نەبێت، خەوی باشبێت، شیر بە باشی بخوات و هەموو ڕۆژێک لە هەمان کاتدا بگری، ئەوا ئاساییە و تەندروستە، هۆکاری ئەم گریانە پێچی سکی منداڵەکەیە و پێویست بە ترس ناکات.

 لەم کاتانەدا گریانی زۆری منداڵەکەت ئاسایی نییە

ئەگەر لەگەڵ گریانەکەدا منداڵەکە سووتانەوە، سکچوون، قەبزی، شیرخواردنی کەم بێت، نابێت پشتگوێ بخرێت.

هەروەها هەندێجار لەوانەیە منداڵەکە گرفتی گیرانی ڕیخۆڵەی هەبێت و بەم گریانە زۆرە پێی بزانرێت، یان قەبز بێت، رشانەوەی توندی هەبێت و سکی ڕەق بێت.

ئەی ئەگەر منداڵەکە لە پڕ دەستی کرد بە گریانێکی زۆر؟

ئەگەر منداڵێک پێشتر هیچ گرفتێکی نەبوو، لە پڕ دەستی کرد بە گریانێکی توند، ئەوا پێویستە دەستبەجێ جلەکانی لەبەرداکەنرێن و بزانن کە ئایا هیچ سووربوونەوە و پێوەدانێک بە جەستەیەوە نییە؟

هەندێجار تاڵێک مووی دایکەکە لە یەکێک لە پەنجەکانی پێی منداڵەکە گیردەبێت و ئاوساوی و ئازارێکی زۆر بۆ منداڵەکە دروستدەکات و بەهۆیەوە زۆر بە توندی دەگری.

یان لەوانەیە زیندەوەرێک پێوەیدابێت و نابێت پشتگوێ بخرێت.

گران جاف

06/01/2026